ئێران لە سنووری پەروێزخان بە بڕی زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار كاڵای ھەناردەی عێراق كردووە

"به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو 8% زیادیان کردووە"

K24 - ھەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی كرماشان رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێكدا ئێران بە بڕی زیاتر لە600 ملیۆن دۆلار كاڵای لە رێگەی خاڵی سنووری پەروێزخان ھەناردەی عێراق كردووە.

خەلیل حەیدەری، بەڕێوەبەری گشتی گومرگی كرماشان لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی تەسینم، رایگەیاند: "لە ماوەی ساڵی رابردوودا یەك ملیۆن و ٢٧٥ هەزار و ٩٤١ ته‌ن، كاڵا لە رێگەی سنووری پەروێزخان ھەناردەی عێراق كراوە".

ئاشكرای كرد: "بڕی پارەی ئەو كاڵایانەی كە لە ماوەی ساڵی 2015، لە پەروێزخان ھاوردەی ئێران كراون لەو سنوورە ٦٢٩ملیۆن و٩٣١هەزار و ٤٩٣ دۆلار بووە". 

بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی پارێزگای کرماشان ئەوەشی خستەڕوو: "لە ساڵی رابردوودا خاڵی سنووری پەروێزخان لە پارێزگای کرماشان زۆرترین کاڵای پێدا هەناردە کراوە".

حەیدەری باسی لەوەشكرد: "بە گشتی لە هەموو خاڵە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان لە ساڵی رابردوودا چوار ملیۆن و ٤٣٥هەزار و ٩١٠ ته‌ن کاڵا هەناردە کراوە، کە به‌راورد به‌ ساڵی رابردوو ٨% زیادیان کردووە".

ئێران یەكێكە لەو وڵاتانەی كە پەیوەندیی بازرگانی بەھێزی لەگەڵ عيراق ھەیە زۆربەی ئاڵۆگۆڕە بازرگانیەكانیش لە رێگەی خاڵە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان دەكرێن، خاڵە سنوورییەکانی پەروێزخان و پاوە و بازاڕچەکانی پەروێزخان و شوشمێ، کەوتونەتە نێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان، تەنیا خاڵی سنووریی خوسرەوەیی لە  نێوان كرماشان و عێراق دایە.