چیك پڕۆگرامی نیشته‌جێكردنی 153 په‌نابه‌ری مه‌سیحی عێراقیی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
حكوومه‌تی چیك ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه رایگه‌یاند ده‌ستبه‌رداری پڕۆگرامێك بووه بۆ نیشته‌جێكردنی ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ری مه‌سیحی عێراقیی، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌وان چوونه‌ته ئه‌ڵمانیا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌شیان بڕیاریاندا بگه‌ڕێنه‌وه عێراق.
له جریوه‌یه‌كدا له تویته‌ر میلان شۆڤانیچ وه‌زیری ناوخۆی چیك گوتی: "له‌سه‌ر بنه‌مای پێشنیازێكی من، چیك ده‌ستبه‌رداری نیشته‌جێكردنی 153 عێراقیی بوو له كۆماری چیك".
میلان شۆڤانیچ زیاتر گوتی: "ئه‌سته‌مه پشتیوانی پڕۆژه‌یه‌ك بكرێ كه ئامانجه‌كانی نه‌یه‌ته‌دی" ئه‌وه‌شی گوتی: "چیك ئاژانسێكی گه‌شتكردن نییه".
به گوێره‌ی پڕۆگرامێك حكوومه‌تی چیك ده‌یویست 130 په‌نابه‌ر له هه‌رێمی كوردستان (عێراق) و 23 په‌نابه‌ری عێراقیی له لوبنان قه‌بوول بكات.
به‌ڵام ته‌نها 89 كه‌س گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و وڵاته‌ی كه ئه‌ندامه له یه‌كێتیی ئه‌وروپا، له نێویاندا خێزانێك بوو كه له 25 ئه‌ندام پێكهاتووه و ره‌تیكرده‌وه داوای په‌نابه‌رێتی له چیك بكات و هه‌فته‌ی رابردوو چوونه ئه‌ڵمانیا.
راگه‌یاندنی ناوخۆی ئه‌ڵمانیاش له چه‌ند به‌رپرسێكیان گواستووه‌ته‌وه و گوتوویانه ئه‌ڵمانیا ده‌یه‌وێت ئه‌وانه بنێرێته‌وه چیك.
بڕیاربوو ئه‌مڕۆش 8 مه‌سیحی عێراقیی كه به پێی پڕۆگرامه‌كه له چیك قه‌بوول كرابوون، بگه‌ڕێنه‌وه عێراق.
دامه‌زراوه‌ی "جێنیریس21" خێرخوازیی كه له‌و پڕۆگرامه‌دا هاریكاریی حكوومه‌تی چیك ده‌كات گوتی: "هۆكاری ئه‌مه (گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و 8 مه‌سیحییه بۆ عێراق) پیاوێك كه ته‌مه‌نی 63 ساڵ بووه پێی راگه‌یاندووین ئه‌و له‌سه‌ره مه‌رگدایه و ده‌یه‌وێت له عێراق بمرێت".
ئه‌و دامه‌زراوه زیاتر گوتی به‌رده‌وامده‌بێت له چاودێریكردنی په‌نابه‌رانی دیكه كه له وڵات ماونه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه: AFP ، و: م.ح