ئۆلاند پشتگیری لە سیاسەتەكانی ئەڵمانیا دەكات بۆ قەیرانی پەنابەران

فرانسوا ئۆلاند لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵی راوێژکاری ئەڵمانی ئاشکرای کرد، پاریس و بەرلین رۆڵێکی بەرچاویان ھەبووە لە رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا

K24 – ھەولێر:

فرانسوا ئۆلاند، سەرۆک کۆماری فەرەنسا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی بەتەواوەتی پشتگیریی سیاسەتەکانی ئەڵمانیا دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەران لە ئەوروپا.

فرانسوا ئۆلاند لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ئەنگێلا مێرکڵی راوێژکاری ئەڵمانی ئاشکرای کرد، پاریس و بەرلین رۆڵێکی بەرچاویان ھەبووە لە رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا تایبەت بە دیارییکردنی چارەنووسی پەنابەرە نایاساییەکانی لە تورکیا و یۆنانەوە ھاتوونەتە ئەوروپا.

 ھاوكات فرانسوا ئۆلاند، داوای لەسەرجەم وڵاتانی ئەوروپا کرد کە رێککەوتنی شنگن لەنێو خۆیان بپارێزن و سنوورەکانیشیان توندتر بکەن، تا شەپۆلی رۆیشتنی پەنابەران بۆ ئەوروپا کەم بکەنەوە.

لەلای خۆشیەوە، ئەنگیلا مێرکڵ، راوێژكاری ئەڵمانیارایگەیاند، کە رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا، کە ماوەی چەند رۆژێکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوەدەچێت و کاریگەری ھەبووە لەسەر کەمکردنەوەی رۆیشتنی پەنابەران بۆ ئەوروپا.

لە دوای رێككەوتنەكە ئەوروپا و توركیا لە 4ی ئەم مانگە یەكەم كاروانی پەناخوازان گەڕێندرانەوە بۆ توركیا ئەمڕۆ دووەم كاروان پاناخوازان گەڕێندرانەوە بۆ توركیا.