ئەڵمانیا...لە ماوەی سێ مانگدا زیاترلە 180 ھەزار كەس داوای مافی پەنابەری دەكەن

"ژمارەی ھاتنی پەنابەران كەمیكردووە"

K24 - ھەولێر:

بەرپرسانی ئەڵمانیا رایدەگەیەنن، رێککەوتنی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا، ئاگربەست لە سووریا بوونەتە ھۆی کەمکردنەوەی رۆیشتنی پەنابەران بۆ ئەڵمانیا  و ئاشکراشی دەکەن، تەنیا لە سێ مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە 180 ھەزار فۆڕمی داواکردنی مافی پەنابەرێتی پێشکەش کراون.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەرلین تۆماس دی مایزیری، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا ئاماری داواکردنی مافی پەنابەرێتی، وەرگرتنی پەنابەران و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی لە ئەڵمانیا ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "حکومەتی ئەڵمانیا ئاشکرای دەکات تەنیا لەماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، زیاتر لە 181 ھەزار داوای پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا پێشکەش کراوە، لەھەمانکاتدا وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایدەگەیەنێت رێژەی ھاتنی پەنابەران بۆ وڵاتەکەیان کەمیکردووە".

گوتیشی: "تەنیا لە ماوەی دوو مانگی ئەمساڵدا نزیکەی 5 ھەزار پەنابەر دیپۆرتکراونەتەوە یان لەسەر داوای خۆیان گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان".

ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ئەوەی گرنگە ئەوەیە ژمارەی داواکردنی مافی پەنابەرێتی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەڵام لەھەمانکاتدا رێژەی ھاتنی پەنابەرانی نوێ لە چەند مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کەمیکردووە، ئەمەش پەیوەستە بەوەی کە ئەوانەی لە سەرەتایی ساڵی رابردووەوە ھاتوونەتە ئەڵمانیاوە، ئێستا داوای مافی پەنابەرێتیان پێشکەش کردووە".

ئاشکراکردنی ئەم ئامارانەی تایبەت بە پەنابەران لە ئەڵمانیا، لەکاتێکدایە کە ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاندووە، ئاگربەستەکەی سووریا و رێککەوتنی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا لەبارەی چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەران کاریگەری ھەبووە لەسەر کەمبوونەوی ھاتنی پەنابەران یان گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان.