ئەمریکا بە بڕی 155 ملیۆن دۆلار هاوکاریی عێراق دەکات

K24-هەولێر

وەزیری دەرەوی ئەمەریکا، جۆن کیریی رایگەیاند کە وڵاتەکەی 155 ملیۆن دۆلاری دیکەی وەک کۆمەکی مرۆیی بۆ ئەو عێراقییانە تەرخان دەکات کە ئاوارەوبوون یان بەهۆی ململانێکانی نێوخۆی عێراق زیانیان پێگەیشتووە.

جۆن کیریی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە باڵوێزخانەی وڵاتەکەی لە بەغدا راشیگەیاند کە: "وڵاتەکەی تا ئێستا بڕی 778 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاریی پێشکەشی ئاوارەکان کردووە" و ئاماژەی کرد کە: "حکوومەتی عێراق دووچاری گرفت بووەتەوە لە پاککردنەوەی شاری رومادیی (ناوەندی پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق) لە مین وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان".

وەزیری دەرەوی ئەمەریکا گوتیشی: "هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی کار بۆ هاوکاریکردنی گەلی عێراق دەکات بەتایبەت ئاوارەکان"، ئاشکراشی کرد کە: "وڵاتەکەی پێشتر 623 ملیۆن دۆلاری پێشکەشی ئاوارەکان کردووە لەپاڵ 155 ملیۆن دۆلار کە ئێشتا پێشکەشی کردووە".

لە مانگی 12 ساڵی 2014وە زیاتر لە 3.4 ملیۆن عێراقیی ئاوارەبوون، بەپێی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆی 33 ملیۆن دانیشتوان 10 ملیۆن کەس لەسەرانسەری عێراق پێویستیان بە کۆمەکی مرۆیی بە پەلە هەیە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ساڵی 2016وە هێزەکانی عێراق شاری رومادییان لە بندەستی چەکدارانی داعش رزگار کردووە.

ئا: ئا ، ف