پێنج کۆچبەری دیکە لە دەریای ئیجە خنکان

چواری دیکەش بێسەروشوێن بوونە

K24-هەولێر

پێنج کۆچبەری دیکە ئەمڕۆ شەممە لە دەریای ئیجە لە نزیکی دوورگەی سامۆسی یۆنان بەهۆی هەڵگەڕانی بەلەمەکەیان لە ناوەڕاستی دەریا خنکان و بەهۆی رووداوەکەوە چوار کۆچبەری دیکە بێسەروشوێن بوون.

ژنە پاسەوانێکی کەناراوی یۆنان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند: "پێن کەس رزگاریان بوو، بەڵام پێنج کەسی دیکە کە یەکێکیان منداڵە و چواریان ئافرەتن خنکان بەهۆی هەڵگەڕانی بەلەمەکەیان کە 3.5 مەتر درێژە".

بەپێی بەرپرسانی یۆنان هێشتا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی کە بێسەروشوێن بوونە، بەڵام تا ئێستا بە وردیی نەزانراوە بەلەمەکە چەند سەرنشینی تێدا بووە.

ئەم رووداوە یەکەم رووداوی هاوشێوەیە دوای دەستپێکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان تورکیا و یەکطێ ئەوروپا کە جەخت لەوە دەکاتەوە هەر کۆچبەرێک لە دوای رێکەوتی 20/3/2016 بە شێوەیەکی نایاسایی بگاتە دورگەکانی یۆنان، بۆ تورکیای دەگەڕێننەوە.

هاوکات بەپێی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچبەران لە مانگی یەکی ساڵی 2016 زیاتر لە 140 هەزار کەس لە تورکیاوە گەیشتوونەتە یۆنان و لە هەمان ماوە 418 کەس لەو رێگایە گیانیان لە دەستداوە.

ئا: ئا ، ف