هەواڵگریی ئەڵمانیا: داعش بەنیازە لە ئەڵمانیا هێرش ئەنجامبدات

"نزیکەی 1100 ئیسلامیی سەرچاوەی هەڕەشەی تیرۆرن"

K24-هەولێر

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نێوخۆی ئەڵمانیا، هانز جۆرج ماسن رایگەیاند رێکخراوی داعش بەنیازە لە ئەڵمانیا هێرش ئەنجامبدات و دۆخی ئەمنیی زۆر ترسناکە، بەڵام ئاگادار نین لە بوونی پیلانێکی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی هێرشی هاوشێوە.

ئەمە لە کاتێکدایە رێکخراوی داعش رۆژی سێشەممەی رابردوو گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە تێیدا چەکدارێکی رێکخراوەکە هەڕەشەی لە رۆژئاوا کرد و رایگەیاند کە دوای تەقینەوەکانی برۆکسل و هێرشەکانی پاریس و شارەکانی بەرلین و لەندەن و رۆمای وەک ئامانجێک ناوبرد.

هانز جۆرج ماسن ئەمڕۆ یەکشەممە بە رۆژنامەی (فیڵت ئێم زونتاج) راشگەیاند: "(داعش) دەیەوێ هێرش لە دژی ئەڵمانیا و بەرژەوەندییەکانی ئەڵمانیا ئەنجامبدات، بەڵام هیچ زانیارییەکمان لا نییە لەم ساتە لەبارەی پیلانێک بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستیی لە ئەڵمانیا".

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نێوخۆی ئەڵمانیا روونیشی کردەوە کە: "ریکلامەکانی رێکخراوەکە بە ئامانجی هاندانی لایەنگرانێتی بۆ ئەوەی دەستپێشخەریی بکەن بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ئەڵمانیا" و گوتی: "چەند پرسێک هەن کە پەیوەندیی نێوان چەند هاوڵاتییەکی ئەڵمانی گەڕاوە لە سووریا و پلانی ئەنجامدانی هێرش بەیەک دەبەستنەوە".

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نێوخۆی ئەڵمانیا هاوکات هۆشداریی دا لەوەی کە توندڕەوەکان هێشتا سەرچاوەی هەڕەشەیەکی "بەهێزن" بۆ ئەڵمانیا. و ئاماژەی کرد کە: "ئەڵمانیا تا ئێستا خۆی لە هێرشی گەورە پاراستووە لە سایەی سەرکەوتنی دەزگا ئەمنییەکان و بوونی چانس".

ئەمە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2014 هاوڵاتییەکی ئەڵمان کە بە کەسێکی ئیسلامیی توندڕەو ناوبرا، تۆمەتی چاندنی بۆمبێکی لوولەیی درایە پاڵی، هەرچەندە ئەو بۆمبە کە لە ساڵی 2012 لە ویستگەی شەمەنەفەرەکانی شاری بۆن چێندرابوو نەتەقییەوە.

هەروەها لە ساڵی 2006 دوو جانتای بۆمبرێژکراو کە دەگوترێ چەند توندڕەوێکی ئیسلامیی لە دوو شەمەنەفەری شاری کۆڵۆنیا لە ئەڵمانیا دایاننابوو نەتەقینەوە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نێوخۆی ئەڵمانیا لەبارەی توندڕەوەکان لە ئەڵمانیا دەڵێ: "نزیکەی 1100 ئیسلامیی هەن کە وەک ئەگەری هەڕەشەیەکی تیرۆریستیی لێیان دەروانرێ".

سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نێوخۆی ئەڵمانیا ئاشکراشی کرد کە: "دەزگاکەی زانیاریی هەیە لەبارەی نزیکەی 300 هەوڵی سەلەفییەکان و ئیسلامییەکان بۆ رێکخستنی کۆچبەران" و گوتی: "هەست بە نیگەرانیی دەکەم بەتایبەت لەبارەی ئەو هەرزەکارانەی کە کەسوکاریان لەگەڵیاندا نین، چونکە ئەم چینە بە مەبەستەوە دەکرێنە ئامانج".

ئەمە لە کاتێکدایە هێرشەکانی پاریسی پایتەختی فەرەنسا کە سەرەتای ساڵی 2016 روویاندا و تەقینەوە خۆکوژییەکان شاری برۆکسل پایتەختی بەلجیکا دەیان کوژراو و سەدان برینداریان لێکەوتەوە و داعش بەرپرسێارێتی خۆی لە ئەنجامدانیان راگەیاند.

ئا: ئا ، ف