ساڵح موسلیم: دەبێ جەیشولئیسلام بخرێتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە

"لە شێخ مەقسوود چەكی قەدەغەكراوی بەكارھێناوە"

K24 - ھەولێر:

ھاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتی كورد (پەیەدە) داوا دەکات گرووپی جەیشولئیسلام بخرێتە لیستی تیرۆریی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی سپۆتنیکی رووسی ساڵح موسلیم، ھاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) رایگەیاند: "پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان گرووپی توندڕەوی جەیشولئیسلام بخاتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە".

بەگوێرەی ئەو گرته‌ ڤیدیۆیانه‌ی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەتەوە، لە ھێرشەکەی رۆژی پێنچشەممەی رابردوودا بۆ سه‌ر شێخ مەقسوود، دووکەڵی زەرد بەسەر باڵەخانەکاندا بەرز بووەتەوە، بە گوتەی بەرپرسانی پەیەدە و خەڵكی ناوچەكە  ئاماژەیە بۆ بەکارھێنانی گازی کلۆر لەو ناوچەیە.

ئەمە لە كاتێكدایە گروپی جەیشولئیسلام دوای رووداوەكە لە بەیاننامەیەكدا دانی بەوەدانا لە شەڕی حەلەب، چەکی قەدەغە کراویان بەکارهێناوە، بەڵام جۆری ماددەی بەکارهاتوویان ئاشکرا نەكردووە.

فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە حەلەب بە ئاژانسی ریا نۆڤۆستی راگەیاندووە: "زانیاری و بەڵگەی تەواومان لایە کە چەکدارانی جەیشولئیسلام ماددەی کیمیاییان لە دژی کەسانی سڤیلی گەڕەکی شێخ مەقسوود بەکارهێناوە".

گه‌ڕه‌كى شێخ مه‌قسوود له‌ شارى حه‌له‌ب گه‌ڕه‌كێكی كورد نشینه‌و له‌لایه‌ن گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ گه‌مارۆدراوه‌، بە گوێرەی زانیارییەكان لە ھەفتەی رابردوودا بەھۆی بەكارھێنانی چەكی كیمیایی ژمارەیەك ھاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە و ژمارەیەكی زۆریش برینداربوونە.

گرووپی جەیشولئیسلام لە ساڵی 2006 لە فەڵەستین دامەزراوە، دواتر لە لوبنان چالاكی ئەنجامداوە، ئێستا لە سووریا شەڕ دەكات.