جۆن کیری بووە یەکەم بەرپرسی ئەمریکا سەردانی ھێرۆشیمای ژاپۆن بکات

“سەردانکردنی مۆنۆمێنتی ھێرۆشیما، ناخ ھەژێن بوو”

K24 – ھەولێر:

جۆن كیری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە یەكەم بەرپرسی ئەمریكا كە سەردانی شاری ھێرۆشیمای ژاپۆن بكات.

جۆن كیری لە گوتارێکیشدا رایگەیاند: سەردانکردنی مۆنۆمێنتی ھێرۆشیما، ناخ ھەژێن بوو.

لەمیانەی بەشداریکردنی لە لووتکەی گروپی وڵاتانی جی حەوت، جۆن کیری شان بەشانی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا فلیپ ھامۆند و ھاوتا ژاپۆنییەکەیان سەردانی شار و مۆنۆمێنتی ھێرۆشیمای کرد و رایگەیاند بیبینی ئەو مۆنۆمێنتە، وا لەسەرجەم وڵاتانی جیھان دەکات کە ھەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە لە پاککردنەوەی جیھان لە چەکی ناوەکی و ھەڕەشەی ئەو چەکە.

لە ئابی 1945 ئەمریکا بە ھاوکاری بەریتانیا و لە دوا قۆناخی جەنگی جیھانی دووەم، بۆمبی ئۆتۆمی لەشارەکانی ھێرۆشیما و ناگاساکی ژاپۆنی خستە خوارەوە و بەو ھۆیەشەوە زیاتر لە 129 ھەزار کەس بوونە قوربانی.

ئەمە تاکە بەکارھێنانی چەکی ناوەکییە لەمێژوویی جەنگە جیاجیاکانی جیھاندا.