هه‌زاران هاووڵاتی گه‌ڕاونه‌ته‌وه رومادی
K24 – هه‌ولێر:
دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له سێ مانگ به‌سه‌ر رزگاركردنی شاری رومادی له‌لایه‌ن هێزه عێراقییه‌كان و ده‌رهێنانی له بنده‌ستی داعش به هاوكاری بۆردومانی هاوپه‌یمانان به‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا، هه‌زاران هاووڵاتی عێراقیی گه‌ڕاونه‌ته‌وه شاره‌كه.
ئيبراهيم ئه‌لعه‌وسه‌ج قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی رومادی گوتی: "له‌وه‌ته‌ی كۆتایی مانگی رابردووه‌وه، نزیكه‌ی 12 هه‌زار خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه".
ئيبراهيم ئه‌لعه‌وسه‌ج گوتیشی: "له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌كان پێویسته به پڕۆسه‌كانی پشكنینی ئه‌منییه‌وه تێپه‌ڕبن، چونكه رێگا ده‌درێت ته‌نها بۆ ئه‌و ناوچانه بگه‌ڕێنه‌وه كه له مین و بۆمبی داندراوه‌وه پاككراونه‌ته‌وه كه "توندڕه‌وه‌كان" له دوای خۆیان جێیانهێشتووه".
قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندی رومادی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "ده‌سه‌ڵاتداران ئاوی خواردنه‌وه‌یان بۆ 80% شاره‌كه گه‌ڕاندووه‌ته‌وه، 10 قوتابخانه‌شیان نۆژه‌نكردووه‌ته‌وه هه‌روه‌ها 600 كاراڤانه‌شیان بۆ ئه‌وانه دابینكردووه كه ناتوانن خانووه‌كانیان به‌كاربێنن".
له ئایاری 2015 چه‌كدارانی داعش ده‌ستیانبه‌سه‌ر رومادیدا گرت، له مانگی كانوونی یه‌كه‌می 2015 به پشتیوانی بۆردومانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانان به سه‌ركردایه‌تیی ئه‌مریكا، هێزه عێراقییه‌كان شاره‌كه‌یان رزگاركرد و له بنده‌ستی داعشیان ده‌رهێنا.
هاوشێوه‌ی شاره‌كانی دیكه له عێراق و سووریا، شه‌ڕی رزگاركردنی رومادی بووه‌ته‌هۆی رووخاندنی به‌شێكی گه‌وره‌ی شاره‌كه.
سه‌رچاوه: AP ، و: م.ح