بارزانی و بایدن باسی ئاماده‌كارییه‌كانی رزگاركردنی مووسڵ ده‌كه‌ن

سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامدا

K24 – هه‌ولێر:

ئێوارەی  ئه‌مڕۆ جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئه‌مریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد، باسیان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق و ئاماده‌كارییه‌كانی رزگاركردنی مووسڵ كرد.

به‌ گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان: "لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق خرایە بەر باس و بیروڕا لەبارەی چارەسەركردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "هەردوولا لەسەر پێویستیی چارەسەركردنی پڕۆسەی سیاسی هاوڕابوون و جەختیش لە هەماهەنگی و ڕاوێژی هەردوولا كرایەوە بۆ پشتگیریكردنی سەقامگیریی سیاسی و چارەكردنی پڕۆسەی سیاسی".

هه‌ر به‌ گوێره‌ی ماڵپه‌ڕی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنیه‌دا هه‌روه‌ها "رۆشنایی خرایە سەر شەڕی داعش و ئامادەكارییەكانی ئۆپه‌ڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و تەئكید لەسەر كاری هاوبەش و هەماهەنگیی بەردەوامی نێوان هێزە هاوپەیمانەكان و هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی كرایەوە لە تێكشكاندنی تیرۆریستان و ئازادكردنی ناوچەكانی ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش".