راگەیاندنی تورکیا: چەند مووشەکێک لە سووریاوە ئاراستەی خاکی تورکیا کران
K24-هەولێر
ئاژانسی هەواڵنێری دۆگانی تورکیا رایگەیاند ئەمڕۆ سێشەممە دوو مووشەک لە سووریاوە ئاراستەی شارۆچکەیەکی تورکیا کران.
ئاژانسەکە راشیگەیاند: "هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی کەوتنەخوارەوەی ئەو دوو مووشەکە لە شارۆچکەی کلسی (باکووری کوردستان) سەر سنووری نێوان تورکیا و سووریا هێشتا بەردەست نین".
ئەمە لە کاتێکدایە بەهۆی کەوتنەخوارەوە مووشەکێک دوێنێ دووشەممە لە شارۆچکەی کلس کە لە خاکی سووریاوە ئاراستەی شارۆچکەکە کرا 12 کەس برینداربوون و لەبەرامبەردا سوپای تورکیا بە تۆپخانەی هاوتزەر ئەو ناوچەیەی سووریای بۆردومان کرد کە مووشەکەکەی لێوە ئاراستەی تورکیا کرا.
هاوکات ئەو ناوچە سنوورییەی سووریا کە هاوشانی شارۆچکەی کلسە لە بندەستی داعشدایە و ئەمە یەکەم جار نییە مووشەک لە نێو خاکی سووریاوە ئاراستەی ناوچەکانی باکووری کوردستان دەکرێن و زیانیان لێدەبێتەوە.
ئا: ئا ، ف