ھیلاری كلینتن ھێرشی توند دەكاتە سەر ھەردوو بەربژێرە كۆمارییەكان

"بوونی ئەو دوو کەسە بە سەرۆکی داھاتووی ئەمریکا، کارێکی ترسناکە و داھاتووی ئەمریکا دەخەنە مەترسییەوە"

K24 – ھەولێر:

ھیلاری كلینتن، بەربژێری سەرەکی پارتی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکی داھاتووی ئەمریكا، ھێرشی توندی کردە سەر ھەردوو بەربژێری پارتی کۆمارییەکان دۆناڵد ترەمپ و تێد کروز و رایگەیاند، بوونی ئەو دوو کەسە بە سەرۆکی داھاتووی ئەمریکا، کارێکی ترسناکە و داھاتووی ئەمریکا دەخەنە مەترسییەوە.

ھیلاری كلینتن لە میانەی گوتارێکیدا لە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنە نێوخۆییەكانی بۆ سەرۆكایەتی ئەمریكا لە دوورگەی لۆنگ لە ویلایەتی نیویۆڕک رایگەیاند، کە پێویستە ئەو دوو بەربژێرە بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە ھەڵمەتی ھەڵبژاردن ئەجامبدەن و گوتەكانیان تەنیا ھێرشکردنە سەر کەسەکان نەبێت.

ھەروەھا ھیلاری كلینتن، گوتیشی، ترەمپ و کروز دەبێ ئەوە بزانن کە ئەگەر ببنە سەرۆکی ئەمریکا، دەبنە فەرماندەی گشتی سوپای ئەمریکا، زۆربەی ئەو کردەوانەشی دەیکەن، ترسناکە بۆ داھاتووی ئەمریکا و جیھان ھەمووی تووڕە دەکات لە گەلی ئەمریکی.

ھاوكات ھیلاری كلینتن، نموونەی لێدوانەکانی ھەردوو بەربژێری كۆمارییەكان ترەمپ و کروزی تایبەت بە موسڵمانان ھێنایەوە و رایگەیاند بەھۆی قسەی ئەو دوو کاندیدەوە، ئێستا جیھانی ئیسلانی تووڕەیە لە ئەمریکا.