مالیكى ده‌يه‌وێت تۆڵه بكاته‌وه و ئێران و ئه‌مريكا پشتيوانى عه‌بادى ده‌كه‌ن

K24 – هه‌ولێر:
هه‌ريه‌ك له ئه‌مريكا و ئێران هاوپه‌يمانێتييه‌كى شاراوه‌يان له باره‌ى پشتيوانيكردنى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى هه‌يه.
عه‌بادى به‌ره‌نگارى سياسييه‌كانى ناوخۆى وڵاته‌كه‌ى بووه‌ته‌وه، له رێگه‌ى هه‌وڵه‌كانييه‌وه بۆ درووستكردنى كابينه‌يه‌كى نوێى حكومه‌ت به بێ به‌شداريپێكردنى ئه‌و توێژه سياسييه.
تا دێت له شه‌قامى عێراقييدا داواكارى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى حه‌يده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زيران زۆرتر دێته به‌ر گوێ.
سياسييه‌كان و ديپلۆماتكار و شاره‌زايان ده‌ڵێن، هه‌ردوو لايه‌نى ناكۆكى ئێران و ئه‌مريكا، فشارى زۆريان خستووه‌ته سه‌ر هاوپه‌يمانه‌كانيان له عێراقدا بۆ ئه‌وه‌ى داواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عه‌بادى نه‌كه‌ن.
هه‌فته‌ى رابردوو، مالكى، ئه‌ميندارى گشتيى حزبى ده‌عوه، هه‌وڵه‌كانى چڕ كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ى عه‌بادى له ده‌سه‌ڵات دوور بخاته‌وه، له رێگه‌ى ئه‌و نوێنه‌رانه‌ى له سووڕگه‌ى مالكى ده‌خولێنه‌وه، به‌ڵام ئه‌مريكا و ئێران ئه‌و هه‌وڵه‌ى مالكيان پووچه‌ڵكردووه‌ته‌وه و هاوكات مالكى خۆى ره‌تيكردووه‌ته‌وه هيچ هه‌وڵێكى له‌و باره‌يه‌وه دابێت.
پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو، عه‌بادى ناوى 14 كانديدى بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته وه‌زارييه‌كان پێشكه‌ش به ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران كرد.
پێش دوو ساڵ، كاتێك هه‌ريه‌ك له لايه‌نه‌كانى حزبى ده‌عوه و ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ئيسلامى و لايه‌نه كوردييه‌كان به‌شداريان له پێكهێنانى كابينه‌ى عه‌باديدا كرد و ده‌نگيان بۆ دا، ده‌يانويست خۆيان له حكومه‌ته‌كه‌دا خاوه‌نى بڕيارى كۆتايى بن.
به گوێره‌ى زانيارى سه‌رچاوه زۆر نزيكه‌كان له پرسى سياسى عێراق، هه‌ريه‌ك له جۆ بايدن جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مريكا و جه‌نه‌راڵ قاسم سوله‌يمانى فه‌رمانده‌ى فه‌يله‌قى قودس، هه‌موو لايه‌كيان ئاگادار كردووه‌ته‌وه، كه له سه‌روبه‌ندى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تدا پرسى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عه‌بادى نه‌وروژێنن و هيچ هه‌وڵێكيش به ئاراسته‌ى له‌كارلادانى عه‌بادى نه‌ده‌ن. ئه‌مه‌ش له پێناو راگرتنى پارسه‌نگى هێز له شه‌ڕى دژ به داعشدا.
خراپى ره‌وشى ئابوورى و بارى گوزه‌رانى هاووڵاتييان و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارييه سه‌ره‌كييه‌كانى ژيان واى له هاووڵاتيانى عێراق كردووه ره‌شبين بن به‌رامبه‌ر به سياسه‌تمه‌دارانيان و ده‌يانه‌وێت له‌و سه‌رمايه‌يه بپرسنه‌وه كه له ماوه‌ى 10 ساڵى رابردوودا له ده‌وڵه‌مه‌نترين وڵاتى به‌رهه‌مه‌هێنه‌رى نه‌وتدا كه نرخى نه‌وت زۆر به‌رز بوو، كه‌ڵه‌كه‌يان كردووه و رێگر بوونه له سوودمه‌ندبوونى هاووڵاتيان له داهاته‌كه‌يان.
خراپى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سامانى عێراق وايكردووه، عێراق له ريزبه‌ندى 161ه‌مين وڵاته له كۆى 168 وڵات‌دا به گوێره‌ى داتاى رێكخراوى شه‌فافيه‌تى نێوده‌وڵه‌تى بۆ گه‌نده‌ڵى.
سه‌ره‌ڕاى پشتيوانى ئێران و ئه‌مريكا، عه‌بادى له ناوخۆى وڵاتيشدا، پشتيوانييه‌كى به‌هێزى له لايه‌ن ئايه‌توڵڵا عه‌لى سيستانييه‌وه لێده‌كرێت.
له هاوينى رابردووه‌وه سيستانى ستايشى هه‌وڵه‌كانى عه‌بادى بۆ ئه‌نجامدانى چاكسازى ده‌كات.
سه‌جاد جه‌ياد، يه‌كێكه له راوێژكارانى عه‌بادى و رايگه‌ياندووه، هه‌ريه‌ك له ئێرانييه‌كان و ئه‌مريكاييه‌كان و سيستانى يه‌ك هه‌ڵوێستيان هه‌يه كه مانه‌وه‌ى عه‌بادى و ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى چاكسازييه.
له نهێنى و ئاشكرادا
ئێواره‌ى چوارشه‌ممه، پێش چه‌ند كاتژمێرێك له راگه‌ياندنى كابينه پێشنيازكراوه‌كه له لايه‌ن عه‌بادييه‌وه، نورى مالكى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كردبوو، ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زيران به ره‌زامه‌ندى ژماره‌يه‌ك كوتله‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران له پۆسته‌كه‌ى دووربخرێته‌وه.
حوسێن شه‌هرستانى، وه‌زيرى خوێندنى باڵا رايگه‌ياند، نورى مالكى داوايكردبوو، سه‌رله‌به‌رى كابينه‌ى عه‌بادى بگۆڕدرێت و ته‌نانه‌ت خودى عه‌باديش دووربخرێته‌وه.
هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه كه‌سايه‌تى سياسى شيعه‌كان مۆفه‌ق روبه‌يعى رايگه‌ياند، پرسه‌كه هێنده گرنگ بوو لاى مالكى كه ئاماده بوو هه‌ر كه‌سايه‌تييه‌كى ديكه له جێگه‌ى عه‌بادى قبوڵ بكات، ئه‌گه‌ر چى له حزبى ده‌عوه‌ش نه‌بێت.
له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، گوته‌بێژى نورى مالكى ره‌تيكردووه‌ته‌وه، مالكى هيچ هه‌وڵێكى دابێت بۆ دوورخستنه‌وه‌ى عه‌بادى له پۆستى سه‌رۆكايه‌تى حكومه‌ت.
هه‌روه‌ها گوتى: ده‌وڵه‌تى ياسا لارى له‌وه نييه گۆڕانكارى وه‌زارى ئه‌نجام بدرێن، ئه‌گه‌ر لايه‌نه‌كانيش رازى بوون به لابردنى عه‌بادى، ئه‌وا؛ ده‌وڵه‌تى ياسا هيچ نه‌يارێتييه‌كى له باره‌ى ئه‌و پرسه‌وه نييه.
جه‌ياد، باسى له‌وه‌شكردووه، ناوه‌ڕۆكى په‌يامى ئه‌مريكا بۆ عه‌بادى ئه‌وه بووه، "تۆ دوا هيوامانى له عێراقدا".
ديپلۆماتكارێكى ئه‌مريكا له به‌غدا بۆ رۆيته‌رز ئه‌وه‌ى ئاشكرا كردووه، كه وڵاته‌كه‌ى ده‌يه‌وێت حكومه‌تێكى به‌هێز له به‌غدا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت به‌ره‌نگارى مه‌ترسييه‌كانى داعش ببێته‌وه.
سه‌باره‌ت به ئێرانيش، سياسه‌تمه‌دارێكى شيعه رايگه‌ياندووه، قاسم سوله‌يمانى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى مالكى و عه‌مار حه‌كيم كۆبووه‌ته‌وه و هۆشدارى پێداون كه داواى دوورخستنه‌وه‌ى عه‌بادى نه‌كه‌ن.
ئه‌ستێره‌ى سه‌در ده‌ركه‌وت
خۆپيشاندان و ناڕه‌زايه‌تى سه‌درييه‌كان گوڕێكى زۆرترى دايه عه‌بادى بۆ ئه‌وه‌ى له نزيكترين ده‌رفه‌تدا داواى هه‌مواركردنى كابينه وه‌زارييه‌كه‌ى بكات.
له سه‌ره‌تاكانى شوباتى رابردوودا، سيستانى رايگه‌ياند، چيتر باس له سياسه‌ت ناكات به هۆى ئه‌وه‌ى پرسى چاكسازييه‌كان زۆر به هێواشى و له سه‌ر خۆيى ده‌ڕۆن به‌ڕێوه.
ئه‌و بۆشاييه‌ش واى له سه‌در كرد، به خێرايى ده‌ركه‌وێت و بێته به‌رده‌م ناوچه‌ى سه‌وزى به‌غدا و ده‌ست به مانگرتن بكات و داواى پێكهێنانى كابينه‌يه‌كى حكومى ته‌كنۆكراتى بكات.
دواى ئه‌وه‌ى رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو، عه‌بادى ناوى كانديده‌كانى دايه ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران و داواى له ئه‌نجوومه‌ن كرد، هه‌ڵوێستى خۆى بخاته‌ڕوو، موقته‌دا سه‌در دواى پێنج رۆژ له مانگرتنى له به‌رده‌م ناوچه‌ى سه‌وز رايگه‌ياند، عه‌بادى هه‌نگاوێكى ئازايانه‌ى هه‌ڵهێناوه و كۆتايى به مانگرتنه‌كه هێنا.
سه‌رچاوه: رۆيته‌رز
و:ئ.هـ