باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان: پێویستە حكوومەتی سووریا رێز لە ئاگربەست بگرێت

ئەوان زۆر "نیگەرانن" بەرامبەر بە راگەیاندنی ھێرشی نوێی سوپای سووریا بۆ سەر حەلەب و ناوچەکانی دەووروبەری

K24 – ھەولێر:

باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، داوا لە رووسیا و وڵاتانی دیکەی ھاوپەیمانی رژێمی ئەسەد دەکات کە فشار بخەنە سەر حکوومەتی سووریا، رێز لە ئاگربەستەکەی سووریا بگرێت و کۆتایی بە ھێرشەکانی بۆ سەر شاری حەلەب بێنێت.

سەمانتا پاوەر، نوێنەری ئەمریکا لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرای کرد کە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، ستافان دێمەستورا زانیاری نوێی بە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان داوە و رایگەیاندووە، ئەوان زۆر "نیگەرانن" بەرامبەر بە راگەیاندنی ھێرشی نوێی سوپای سووریا بۆ سەر حەلەب و ناوچەکانی دەووروبەری.

سامانتاپاوەر ئەوەشی راگەیاند کە ئەنجامدانی ئەو ھێرشانە، دەبێتە ھۆی شکست پێھێنانی ئاگربەستە سێ ھەفتەیەکەی لە سووریا دروست بووە و کۆتاییش بە ھەموو ئومێدێک دێنێت بۆ کۆتایی ھاتن بە شەڕە پێنچ ساڵییەکەی ئەو وڵاتە.

ھەروەھا باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان رەخنەی لە حکوومەتی سووریا گرت بەوەی لەمانگی نیساندا تەنیا رێگەی بە دوو لۆری کۆمەمی مرۆیی داوە بگاتە دەست دانیشتوانانی ناوچەی دارییا کە ماوەی چەندین مانگە بەھۆی شەڕ و پێکدادانەوە لەنێو شارۆچکەکە گیریان خواردووە.