بنكه‌ی مووشەكی و تۆپخانە لە رۆژھەڵاتی كوردستان جێگیر دەكرێن

33 بنكه‌ی مووشه‌ك هاوێژ و تۆپخانە جێگیركراون

K24 - ھەولێر:

فەرماندەیەكی سوپای ئێران رایگەیاند، بۆ رووبەڕووبوونەوەی پیلانی دووژمنان و گرووپە تەكفیرییەكان تۆبخانە و بنكەی مووشەكیان لە شارەكانی سەقز، مەریوان و بانە جێگیر كردووە.

ئەمیر ئەبولفەزل بەزرگەری، فەرماندەی لەشكری 28 ی پیادەی سوپای ئێران بە ئاژانسی فارس نیوزی راگەیاندووە: "یەكە تایبەتەكانی ھێزی پیادەی سوپا و 33 بنكه‌ی مووشه‌ك هاوێژ و تۆپخانە لە شارەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان جێگیر كراون".

ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: "دامەزراندنی ئەو بنكه‌ و یەكە تایبەتانە لە شارەكانی سەقز، مەریوان و بانە, بۆ رووبەڕووبوونەوەی پیلانی دوژمنان و گرووپە تەكفیرییەكانە".

ئەمە لە كاتێكدایە چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر فەرماندەی ھێزی زەمینی سوپای پاسداران رایگەیاندبوو، لە سنوورە ھاوبەشەكانیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستان و عێراق، لەبه‌ر سه‌قامگیریی و ئاساییش یەكەی تایبەت دادەمەزرێنن، ھەرێمی كوردستانیشی بەوە تاوانبار كردبوو، كە توانای كۆنتڕۆڵی سنوورەكانی نییە و ئاماژەی بە سنورەكانی رۆژئاوا و باكووری رۆژئاوای ئێران كردبوو كە سنوورەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانن.