کۆمپانیای سۆمۆ: بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق گەیشتە 4.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا

چەند سەرچاوەیەک: ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق مانگی داهاتوو دادەبەزێ

K24-هەولێر

کۆمپانیای نیشتمانیی فرۆشتنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند قەبارەی تێکرای بەرهەمی نەوتی عێراق بە بەرهەمی هەرێمی کوردستانەوە رۆژانە دەگاتە 4.8 بۆ 4.9 ملیۆن بەرمیل.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ، فەلاح ئەلعامریی راشیگەیاند: "چاوەڕوان دەکرێ بەرهەمهێنەران لە نێو رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی رێکخراوەکە ئەم مانگە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەسەر جێگیرکردنی ئاستی بەرهەمهێنان رێکبکەون".

فەلاح ئەلعامریی گوتیشی: "عێراق بەشدار دەبێ لە گرتنەبەری چەند رێوشوێنێک کە دەکرێ هاوکار بن لە بەدیهێنانی سەقامگیریی بۆ نرخی نەوتی خاو و رێککەوتنی دەوحە ئاماژەیەک دەبێ بۆ ئەوەی کە بازاڕەکانی نەوت قۆناغی دابەزینیان تێپەڕاندووە".

بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ ئاشکراشی کرد: "تێکرای بەرهەمی نەوتی عێراق بە بەرهەمی هەرێمی کوردستانەوە رۆژانە دەگاتە 4.8 بۆ 4.9 ملیۆن بەرمیل".

هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی کەرتی نەوتی عێراقەوە رایگەیاند: "تێکرای هەناردەی نەوتی خاوی بەسرە لە رۆژێکدا کە مانگی رابردوو 3.28 ملیۆن بەرمیل بوو ئەم مانگە بۆ 3.085 ملیۆن بەرمیل دادەبەزێ".

سەرچاوەکانی رۆیتەرز دەشڵێن: "هەناردەی نەوتی خاوی قورسی بەسرە لە مانگی مایۆ/ئایاری داهاتوو بۆ نزمترین ئاست دادەبەزێ بە بەراورد لەگەڵ نۆ مانگی رابردوو و دەگاتە 645 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و ئاستی هەناردەی نەوتی سووکی بەسرە لە دە رۆژی سەرەتای مانگی داهاتوو بۆ 2.44 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دادەبەزێ".

وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی یەکی ساڵی 2016 رایگەیاند تێکرای نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ساڵی 2015 گەیشتە  ملیارێک و 96 ملیۆن بەرمیل و داهاتی ئەو نەوتەش گەیشتە نزیکەی پەنجا ملیار دۆلار.

ئەمە لە کاتێکدایە چەند رۆژێکە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونە و ئاستی پێوانەیی تۆمار دەکات دوای ئەوەی ئاژانسی تاسی رووسیا رایگەیاند کە وەزیری وزەی رووسیا ئەلیکسەندەر نۆڤاک لەگەڵ هاوتا سعوودییەیەکی عەلی ئەلنوعەیمی گەیشتوونەتە رێککەوتنێک لەبارەی جێگیرکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو وڵاتە، نرخی بەرمیلێک نەوتی جۆری پێوەری برێنت گەیشتە سەرووی 44 دۆلار.

بڕیارە وڵاتانی گەورە بەرهەمهێنەری نەوت (سعوودییە و رووسیا و چەند وڵاتێکی دیکە) هەفتەی داهاتوو لە وڵاتی قەتەر کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنی جێگیرکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن ئەو وڵاتانەی کە لە کۆبوونەوەکە بەشدار دەبن بە مەبەستی بەرزکردنەوەی نرخی نەوتی خاو.

ئا: ئا ، ف