لە ماوەی 48 کاتژمێر ئاگربەستەکەی یەمەن 153 پێشلکاری تۆمارکراون

"ئاشتی نایەتەدی تا چەكی دەستی میلیشیاكان كۆنەكرێتەوە و رادەستی حكوومەت نەكرێت"

K24 – ھەولێر:

ماوەی 48 كاتژمێرە ئاگربەستی یەمەن راگەیەندراوە، لەو ماوەیەدا 153 پێشێلكاری تۆماركراون.

ئەحمەد عەبید دەغەر، سەرۆك وەزیرانی یەمەن رایگەیاند: "ئاشتی نایەتەدی تا چەكی دەستی میلیشیاكان كۆنەكرێتەوە و رادەستی حكوومەت نەكرێت".

ئەحمەد عەبید دەغەر گوتیشی: "حکوومەت هیوای زۆری بە دانووستانی ئاشتی له‌ کوێت هەیە، كه‌ 18ی ئەم مانگە به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

لەلایەکی دیکەوە، سەرپەرشتیارانی ئاگربەستی نێوان حکوومەت و حووسییەکان، 153 پێشێلکارییان، لەماوەی 48 کاتژمێری ئاگربەستەکە، تۆمار کردووە.

ساڵی 2011 هاوكات لەگەڵ وڵاتانی تونس و میسر و لیبیا و سوریا شۆڕش لە یەمەن دەستی پێكرد و بۆ دوورخستنەوەی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح سەرۆكی ئەو كاتی یەمەن  لە دەسەڵات و عەبد رەبە هادی جێگری ئەو كاتی سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی گرتە دەست.

دوای ساڵێك لە ھاتنە دەسەڵاتی عەبد رەبە شەڕی نێوخۆ لە نێوان حوسییەكان و حكوومەتی یەمەن دروستبوو تا ئێستا بەردەوامی ھەیە، حكوومەتی یەمەن و وڵاتانی عەرەبی ئێران تۆمەتبار دەكەن بە ھەڵگیرسانی جەنگی یەمەن.