داوا ده‌كرێت ئه‌مه‌ریكا راسته‌وخۆ چه‌ك به‌ پێشمه‌رگه‌ بدات

پرۆژه‌ یاسایه‌كییان پێشكه‌ش به‌ كۆنگرێس كردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

دوو ئەندامی كۆنگرێسی ئەمریكا جارێكی دیكە پڕۆژە یاساییەك پێشكەش بە كۆنگرێس دەكەن و لەو پڕۆژە یاساییەدا، داوا لە كۆنگرێس دەكەن رێگە بدات، ئەمریكا بەشێوەیەكی راستەوخۆ چەك و تەقەمەنی بداتە ھێزی پێشمەرگە.

رۆز لایتنن، ئەندامی كۆنگرێسی ویلایەتی فلۆریدا و براد شێرمان، ئەندامی كۆنگرێسی ویلایەتی كالیفۆرنیا، پڕۆژە یاساییەكیان پێشكەش بە كۆنگرێسی ئەمریكا كردووە كە تیایدا داوا دەكەن، بەزووترین كات ئەو پڕۆژە یاساییە پەسەند بكرێت و ئەمریكا ھاوكاریی سەربازیی و دارایی بەشێوەیەكی راستەوخۆ بگەیەنێتە ھەرێمی كوردستان.

 ئەو دوو ئەندام كۆنگرێسە دەڵێن ھێزی پێشمەرگە سەلماندوویەتی كە تاكە ھێزە بتوانێت رووبەڕووی داعش ببێتەوە و سەرەڕای شەڕی داعش، بەڵام حكوومەتی ھەرێمی كوردستان باوەشی بۆ نزیكەی ٢ ملیۆن ئاوارەی سووریا و ناوەڕاست و باشووری عێراق كردووه‌تەوە، ئەمەش فشارێكی زۆری بۆ سەر ئەو ھەرێمە دروست كردووە، بۆیە پێویستە واشنتۆن بەزووترین كات ھاوكاریی كوردستان بكات.