ميدياى رووسيا: ئه‌ردۆغان به‌ ميوزيكى سه‌ربازىی رووسيا پێشوازىی له‌ شا سه‌لمان كردووە

kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

كه‌ناڵى رووسيا توده‌ى بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، سه‌رۆك كۆمارى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان به‌ ميوزيكى سه‌ربازى رووسيا پێشوازى له‌ شا سه‌لمانى پادشاى سعووديه‌ كردووه‌.

ئه‌و ميوزيكه‌ سه‌ربازييه‌ى له‌ لايه‌ن ئۆركستراى سه‌ربازى توركياوه‌ به‌كارهێنراوه‌، هه‌مان ئه‌و ميوزيكه‌ سه‌ربازييه‌يه‌ كه‌ له‌ 1905 له‌ سان پوترسبۆرگى رووسيا تايبه‌ت به‌ سوپاى رووسيا تۆماركراوه‌.

مه‌راسيمى پێشوازيكردن له‌ شا سه‌لمان جياواز بوو له‌ مه‌راسيمه‌ پرۆتۆكۆلييه‌كانى توركيا و كه‌ناڵى رووسيا توده‌ى بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ سه‌يرترين نامه‌ى ئه‌نقه‌ره‌يه‌ بۆ مۆسكۆ، له‌ كاتێكدا كه‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان رووسيا و توركيا به‌ هۆى خستنه‌خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌يه‌كى رووسيايى له‌ لايه‌ن توركياوه‌ له‌ نۆڤه‌مبه‌رى رابردوودا روويان له‌ ئاڵۆزى كردووه‌.

له‌ مه‌راسيمه‌كه‌دا ئۆركستراى سه‌ربازى توركيا له‌ برى ژه‌نينى ميوزيكى سروودى نشيتيمانى توركيا، سروودى"Toska po rodine" (په‌رۆشتم ئه‌ى نيشتيمان)ى ژه‌نى، كه‌ له‌ 1905 له‌ سان پترسبۆرگ تۆمار كراوه‌ و له‌ سه‌رده‌مى يه‌كێتى سۆڤييه‌تدا سروودێكى تايبه‌ت به‌ سوپا بووه‌.

تا ئێستا لايه‌نى توركيا، به‌ شێوه‌يه‌كى ره‌سميى هيچ لێدوانێكيان له‌ باره‌ى هۆكارى به‌كارهێنانى ميوزيكى سه‌ربازى رووسيا له‌ مه‌راسيمى پێشوازيكردن له‌ شا سه‌لمان رانه‌گه‌ياندووه‌ و ميدياى ئه‌و وڵاته‌ش بانگه‌شه‌كانى ميدياى رووسيايان ره‌تنه‌كردووه‌ته‌وه‌.