بەھۆی بارودۆخی ئەمنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دواخرا

"فراكسیۆنە كوردییەكان لەگەڵ ھیچ جۆرە ئاڵۆزییەك نین"

K24 - ھەولێر:

پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەھۆی بارودۆخی ئەمنی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دواخرا، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، فراكسیۆنە كوردییەكان لەگەڵ ھیچ جۆرە ئاڵۆزییەكی ناو پەرلەمان و عێراق دانین.

لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) نەدا مێرگەسۆری، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "بەھۆی باردۆخی ئەمنی كە ئەنجامی ئاڵۆزییەكانی چەند رۆژی رابردووی ناو پەرلەمان گراوەتەبەر، كۆبوونەوەی پەرلەمان كە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجام بدرێت بۆ رۆژی دووشەممە دواخرا".

گوتیشی: "پەرلەمانتارە مانگرتووەكان ھۆشداری ئەوەیانداوە كە بە ھیچ جۆرێك رێگە نادەن دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان وەكو دەستە بێنە پەرلەمان، تەنھا بۆیان ھەیە وەك ئەندام پەرلەمان بێنە پەرلەمان، ئەم ھۆشدارییە بارودۆخەكەی زیاتر شڵەژاند".

نەدا مێرگەسۆری باسی لەوەشكرد: "ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردەكان لە بەغدا لەگەڵ ھیچ جۆرە ئاڵۆزییەكی ناو پەرلەمان دانین، پێیانوایە دەبێ كێشەكان بە گفتوگۆ لە نێوان پێكھاتە سیاسییەكان چارەسەر بكرێن".

بە گوێرەی زانیاری چەند میدیایەكی عێراقی رێوشوێنی توندی ئەمنی لە دەوروبەری بینای پەرلەمانی عێراق گراوەتەبەر و بارودۆخەكە زیاتر ئاڵۆزبووە.

لە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو پەرلەمانتارە مانگرتووەكان لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوایانكرد كە ھەرسێ سەرۆكایەتی عێراق دەست لە كار بكێشنەوە، وەك یەكەم ھەنگاویش سەرۆكی پەرلەمان دەست لە كار بكێشێتەوە، ئەمەش گرژی زیاتری خستە ناو ھۆڵی پەرلەمان، ئەمڕۆ بڕیاربوو ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر ھەمان پرس كۆببێتەوە.

ھەر لە بارەی دواخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمان، ئەمڕۆ 16ی نیسان، نووسینگەی سەلیم جبووری، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیاندراوێكدا روونیكردەوە، تا ئەوكاتەی بارودۆخ لە بارنەبێت ناتوانرێت كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت.