شوێنەوارێكی گەرمیان مەترسی لە ناوچوونی لێ دەكرێت

"گرنگی بە شوێنەوارەكان نادرێت"

K24 - گەرمیان:

ژمارەیەك لە ھاووڵاتیانی شارۆچكەی كفری لە دەڤەری گەرمیان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن سەرای كفری كە یەكێكە لە شوێنەوارە دێرینیەكان، تا ئێستا نۆژەن نەكراوەتەوە و بەھۆی بارانبارینەوە ھەر جارە و لایەكی دەروخێت.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) سۆران عوسمان، بەڕێوبەری مۆزەخانەی کفری گوتی: "جێگای داخە ئێستا زوومی كامیرەكەی ئێوە باگراوندەكەی من دەبینێ كە سەرای كۆنی كفرییە، یەكێكە لە شوێنەوارە دێرینەكانی كفری و ئاوا دەروخێت و حكوومەت لێی بێدەنگە".

قاسم محەممەد، مامۆستای مێژوو بە (كوردستان24)ی گوت: "جێگای داخە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھیچ بایەخێكی نەدا بەم شوێنەوارە و ئەوانی دیكە، كفری چەندین شوێنەواری لێیە، بەڵام گرنگیان پێنادرێت".

سەبارەت بە گرنگی نەدان بە شوێنەوارەكانی شکور محەممەد، بەڕێوبەری شوێنەواری گەرمیان رایگەیاند: "ھەموو شتێك كە كۆنبوو نۆژەن نەكرێتەوە لە ناو دەچێت، ئەو شوێنەوارانەش تەمەنی زۆریان ھەیە و ھیچ كات نۆژەن نەكراونەتەوە، ساڵ بە ساڵ لەگەڵ بارانبارین دەروخێن".

سەرای کۆنی کفری لە ساڵی 1919 لە لایەن ئینگلیزەكانەوە دروست کراوە، بە ھۆی زۆری تەمەنییەوە و نۆژن نەکردنەوەی لەلایەن حكومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، وەک شۆینەوارە دێرینەکانی دیكەی کفری، بەشێکی رووخاوە و تا دێت بە ھۆی كەشوھەوا و باران بارینی زۆرەوە رۆژ دوای رۆژ زیاتر دەڕوخێت.