عادل نوری باسی بوونی بە جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەكات

"لە لایەن عەبادی رێوشوێنی توندی ئەمنی گیراوەتەبەر"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/edab5a11-97a4-46b9-a969-f36908c84ccd/adl%20nuri.ism/manifest

K24 - بەغدا:

عادل نوری، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كە ئێستا لە بەرەی پەرلەمانتارە مانگرتووەكاندایە و دەنگۆی ئەوە ھەیە وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ھەڵبژێردرێت رایگەیاند، بۆ ئەگەر كەسێكی دیكە ببێتە جێگری سەرۆكی پەرلەمان یەكڕیزی كورد تێك ناچێت، بەڵام ئەگەر من بم تێكدەچێت.

لە لێدوانێكدا بۆ (كوردستان24) عادل نوری، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی رایگەیاند: "ئیجرائاتێكی زۆر توندی ئەمنی لە لایەن حەیدەر عەبادییەوە بۆ رێگرتن لە گەیشتنی ئەندامانی پەرلەمان بۆ ناو ھۆڵی پەرلەمان لە ناوچەی سەوز گیراوەتەبەر، ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كە دێنە پەرلەمان سندوقی ئۆتۆمبێلەكانیان پێدەكەنەوە و ژمارەی چەكەكانیان دەنووسن، بەشێك لە ئەندام پەرلەمانەكان دواكەوتن، ئێستا كێشەی رێژەی یاساییمان نییە، ئەمڕۆ رەنگە لە یەكێك لە بڕگەكانی كۆبوونەوەكە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان ھەڵبژێردرێت".

سەبارەت بە ھەڵبژاردنی وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمان عادل نوری، گوتی: "بە ھیچ شێوەیەك باسی ئەو برگەیەمان نەكردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمە دوو كەسی كورد لێرەین ئەو پۆستەش بە دڵنیایەوە دەبێ بۆ كورد بێت، بەپێی ئەو بڕیارانەی پەرلەمانتارە مانگرتووەكان داویانە، نابێ پۆستەكان لە دەرەوەی پەرلەمانتارە مانگرتووەكان بدرێت بە كەسانی دیكە، لەبەر ئەوەی من و تاڤگە خان لێرەین خەڵك باسی ئێمە دەكات، منیش دەستم بە ھەڵگیرسانی ئەو ناڕەزایەتییە كردووە".

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری (كوردستان24)  كە باسی یەك ھەڵوێستی فراكسیۆنە كوردییەكان دەكرێت و ئەوان وەك پەرلەمانتاری كورد لە ریزی پەرلەمانتارە مانگرتووەكاندان عادل نوری، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "بۆ ئەگەر كەسێكی دیكە ببێت بە جێگری سەرۆكی پەرلەمان یەكڕیزی گەلی كورد تەواوە، بەڵام ئەگەر عادل نوری، بێت جێگر یەكڕیزی گەلی كورد تێكدەچێت، گرنگ ئەوەیە كورد بێت جا ھەر كەسێك بێت".

باسی لەوەشكرد: "ئەو مانگرتنەمان دژی حەیدەر عەبادی، دەست پێكرد نەك دژی سەلیم جبووری، ئێمە لەبەر ئەوە سەلیم جبووریمان لابرد رازی نەبوو حەیدەر عەبادی، بانگێشتی پەرلەمان بكەین، من لە گروپێك بوومە گروپەكەی عەبادی ھاتوونەتە بەرەی من نەچوومە بەرەی ئەوان، پەرلەمانتارانی زۆربەی فراكسیۆنەكان ھاتوون ئەوە بەرەی گەلە".

عادل نوری، لەبارەی پێناسەی خۆی لە ئێستا وەك كوردستانی یان عێراقی دەڵێ: "عادل نوری، ئەو كەسە ئازادەیە كە ئەوەی ھەڵگیرساندووە و زۆربەی ئەندام پەرلەمانەكانی ھێناوەتە بەرەی گەل و سەرپەرشتی شۆڕشی سپی دەكەم".