رووسیا و ئێران ئامادەکاریی بۆ رێککەوتنێکی سەربازیی گەورە دەکەن

قاسم سولەیمانیی سەردانی رووسیای کردووە

K24-هەولێر

بەپێی راگەیاندنی رووسیا، مۆسکۆ و تاران بە نیازن رێککەوتنێکی سەربازیی گەورە واژۆ بکەن کە بریتییە لە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگاوەری جۆری سۆخۆی-30 و تانکی تی-90 لە لایەن رووسیاوە بە ئێران.

ئاژناسی هەواڵدەری (تاس)ی رووسیا لە زاری سەرچاوەیەک لە باڵوێزخانەی ئێران لە مۆسکۆ وە، رایگەیاند: "بڕیارە وەزیری بەرگریی ئێران، جنراڵ حوسێن دەهقان لەگەڵ هاوتا رووسەکەی سێرگی شویگۆ هەماهەنگیی سەربازیی لەنێوان هەردوولا تاوتوێ بکەن".

ئەمە لە کاتێکدایە چاوەڕوان دەکرێ وەزیری بەرگریی ئێران لە 26/4/2016 سەردانی مۆسکۆ بکات بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کە وەزارەتی بەرگریی رووسیا رێکیدەخات.

سەرچاوەکەی باڵوێزخانەی ئێران لە مۆسکۆ ئاشکراشی دەکات: "تاران بە نیازە فڕۆکەی جەنگاوەری جۆری سۆخۆی-30 و تانکی جۆری تی-90 کە نەوەیەکی نوێی تانکی دروستکراوی رووسیایە".

چەند رۆژێک لەمەوبەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند کە دژی پێدانی فڕۆکەی جۆری سۆخۆیە بە تاران.

هەفتەی رابردووش جێگری سەرۆک وەزیرانی رووسیا، دیمتری رۆگۆزین رایگەیاند کە تاران یەکەم کاروانی سیستمی مووشەکی دژە فڕۆکەی جۆری S-300 ی لە لایەن رووسیاوە رادەست کرا.

هاوکات بەپێی ئاژانسی هەواڵدەری رۆیتەرز فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ، قاسم سولەیمانی لە دوێنێوە هەینیی لە مۆسکۆیە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ فەرماندەیی سەربازیی و سەرکردایەتی سیاسی رووسیا لەبارەی ململانێی سووریاوە.

سەرچاوە: AFP، رۆیتەرز. ئا: ئا ، ف