به‌ ڤیدیۆ.. مۆزەخانەی نیشتمانی كوردستان لە ھەولێر بنيات ده‌نرێت

ديزاینه‌كه‌ی جیاوازه‌ و بیرۆكه‌كه‌ی له‌ چوار پارچه‌ی كوردستان وه‌رگیراوه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/19604b4e-69e0-41f2-b284-492f8fa79a3d/Meseum-Hewler.ism/manifest

K24 - هه‌ولێر:

مۆزەخانەی نیشتمانی كوردستان بە شێوازێكی مۆدێرن لە شاری ھەولێر دروستدەكرێت كە گوزارشت لە بەھێزی كورد و یەكگرتنی كورد دەكات، دانیال لیبسكیند - ئەندازیاری پڕۆژەی دروستكردنی مۆزەخانەی ھەولێر دەڵێت : مۆزەخانەكە زۆر سەرنج راكێش و دەگمەن دەبێت لە رۆژھەڵاتی ناوەراست و لە ھەمانكداتدا دەوڵەمەند دەبێت بە كەلەپوری كورد و مێژووی داھاتووی گەلی كورد لە باشووری كوردستان.

ئەمە وێنە و نەخشەی ئەم مۆزەخانە مۆدێرن و ناوازەیە كە لە دواڕۆژدا لە ھەولێر پایتەختی ھەرێمی كوردستان بنیاتدەنرێت.   

دانیال لیبسكیند ئەندازیاری پۆلەندی-ئەمریكی و سەرپەرشتیاری پرۆژەكە دەڵێت، مۆزەخانەكە ڕێگەیەكە بۆ دەربڕین لە ئازایی كورد و دەوڵەمەندیی كەلەپووری كوردی و مێژوو و داھاتووی ئەو نەتەوەیە.

دانیال لیبسكیند, سەرپەرشتیاری پرۆژەكە ده‌ڵێت: "پێویستە تۆ یەكسەر ئەو بیرۆكەیە تێبگەی كە من بینیم لە كاتی كێشانی نەخشەكە. بریتیە لە دەربڕین لە ئاسۆی كورد لە چوارچێوەیەكی ئەندازەیی. ھەروەھا پێویستە بەئاسانی لە ماناكە تێبگەی كاتێك لە ئاسامانەوە سەیری دەكەی، ئەویش یەكگرتنی كوردە".

ئەم مۆزەخانەیە لە چوار بەش پێك دێت و ھەریەكەیان پێناسەیە بۆ دابەشبوونی نەتەوەی كورد بەسەر چوار وڵاتدا، بەڵام لە ناوەڕاستدا ژوورەكان بەشێوەیەكی ئەندازەیی یەكتر دەبڕن،  كە بەمانای یەكگرتنەوەی كورد دێت. ژوورێكیشیان بەشێوەیەكی چاوەڕوانكراو ڕووی لە قەڵات دەكات كە گوزارشت دەكات لە بەرخودان. 

لیبسكیند ھەست بە ناخۆشی مێژووی كورد دەكات و دەڵێت، ھەرچەندە ئەو كورد  و موسڵمان و ئێزیدی نییە، بەڵام دەزانێت ئەنفال چەند ناخۆش بووە، چونكە خانەوادەكەی قوربانیی ھۆلۆكۆستی نازییەكان بوون.  

لیبسكیند هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "لە مۆزەخانەكەدا دوو شوێنی جیاواز بۆ ھەست و سۆز دەبێت. یەكەمیان باس لە ڕووداوە تراژدییەكان دەكات كە بەسەر كورددا ھاتووە وەك ئەنفال و بەكۆمەڵكوشتن. دووەمیان ژووری ھیوایە كە پێناسەیە بۆ یەكگرتن و گەیشتن بە دەوڵەتی كوردی و بەختەوەری".   

پرۆژەكە لەسەر 2 دۆنم زەوی دروست دەكرێت و چەندان ژوور لە خۆ دەگرێت, كە بریتی دەبن لە ژووری گشتی و سیمینار و پێشانگا و ھونەر و زانیاری پەروەردەیی و ئەرشیفی كوردستان. بەڵام لیبیسكند ئاخ ھەڵدەكێشێت, كە پرۆژەكە ئێستا بەھۆی شەڕی داعش و قەیرانی ئابووری لە ھەرێمی كوردستان دواخراوە.