حەشدی شەعبی ھێزی زیاتر لە سنووری كەركووك جێگیر دەكات
K24 - ھەولێر:
شەوی رابردوو ھێزێکی زۆری حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی تکریت و دەورووبەرییەوە رەوانەی سنووری کەرکووك کراون، سەرپەرشتیاری ھێزەكەش دەڵێ، بۆ رزگاركردنی گوندی بەشیر ھێزیان ھێناوەتەوە سنووری كەركووك
مەیسەم ئەلزەیدی، سەرپەرشتیاری ھێزەكانی فیرقەی عەباسی سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە سنووری كەركووك رایگەیاند: "فیرقەی عاباسی سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراقەوەیە، لە ئەنجامی مەترسییەكان داعش ئەو فیرقە دروستكراوە، بە مەبەستی بەرگریكردن و پارێزگاریكردن لە ناوچەی كەركووك و لە ناویشیاندا گوندی بەشیر دامەزراوین وھاتووینەتە ئەو ناوچەیە و ئامانجی ھاتنی ئەو ھێزە تەنھا رزگاركردنی گوندی بەشیرە".
گوتیشی: "ھەماھەنگی باشمان لەگەڵ ھێزی پێشمەرگە ھەیە، ئەمەش لەسەر داوای مەرجەعیەتی باڵای شیعە بوو، بۆ ئەوەی پێكەوە ھاوكاری توركمانەكانی بەشیر بكەین، ئێمە لەگەڵ پێشمەرگە ھاوبەشین لە شكست پێھێنانی داعش و سەركەوتنەكاندا".
لە بارەی مەترسی سیاسی بۆ سەر دوا رۆژی كەركووك لە ھاتنی ئەو ھێزە ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "من كەسێكی ئەمنیم نەك سیاسی، ئەوەی كە سیاسییەكان قسەی لێ دەكەن بۆمن گرنگ نییە، بۆ ئەوەی ھاتووین بەرگری لە تازە خورماتوو بكەین و بەشیر ئازاد بكەین، دڵنیای دەدەین كە ھاوكاری تەواوی پێشمەرگە دەبین و ھەماھەنگیمان ھەیە، باوەڕیشمان وایە كە بەشیر پێویستی بە ئێمەیە لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئازاد نەكراوە".
ئەو فەرماندە سەربازییەی حەشدی شەعبی راشیگەیاند: "ئەگەر خوا ھاوكار و پشتیوانمان بێت نزای ھەینی لە بەشیر دەكەین".
بهگوێرهی زانییارییەکانی (کوردستان24) ، ھێزەکە نزیكهی سهدو پهنجا چهكدار دهبن و سەر بە فیرقەی عەباسییه و به حهوت ئۆتۆمبێلی جۆری فۆرد و دوو بارههڵگرو ژمارهیهك ئۆتۆمبیلی سهربازیی له سنووری كهركووك جێگیركراون، كه جیا له تۆپی 106 ملم و تانك و زریپۆش، چهكی دیكهی قورسیان پێیه.
دوای ھێزی عەباسی نزیكهی 50 چەکداری دیكهی سهر به لیوای عهلی ئهكبهر به چهكی قوڕسهوه گهیشتوونهته سنووری كهركووك.
كۆكردنهوهی هێز لهلایهن حهشدی شهعبیی له سنووری كهركووك لە كاتێكدایە لە ماوەی رابردوودا ئەو ھێزە نەیتوانیوە لە سنووری بەشیر پێشڕەوی بكات، ھەندێك لە فەرماندەكانی پێشمەرگەش پێیانوایە ھاتنی ئەو ھێز بۆ سنووری كەركووك مهبهستی سیاسیی له پشتەوەیە.