سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: چەند رۆژی داهاتوو وادەی بەستنی دانیشتنی پەرلەمان دیار دەکەین

"دانیشتنەکە گشتگیر دەبێ"

K24-هەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، سەلیم جبوریی ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند چەند رۆژی داهاتوو وادەی بەستنی دانیشتنی پەرلەمان دیار دەکەین و داوای هەڵوەشاندنەوەی سیستمی دابەشکاریی کرد لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا.

سەلیم جبوریی لە کۆنگرەیەک کە لەبارەی پلانی بەڕێوەبردنی کاروباری ئاوارەکان ئەمڕۆ لە بەغدا رێکخرا، راشیگەیاند: "پرۆژەی پاراستنی بونیادنانی دەوڵەت و پێشخستنی و پێشکەوتنی بەردی بناغەیە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی لە قۆناغی کەڵەکەبوونی قەیرانەکان تێپەڕین".

گوتیشی: "بەبێ دەوڵەتێکی بەهێز تێپەڕین لەم قۆناغە ئەستەمە و ئەم کارە بەدینایەت تاوەکوو دەزگاکانی دەوڵەت بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن لە ئەنجامدانی چاکسازیی گشتگیر و راستەقینە".

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەشی کرد: "لە چەند رۆژی داهاتوو وادەی بەستنی دانیشتنی گشتگیری پەرلەمان دیار دەکەین و لایەنە سیاسییەکان سەلماندیان توانای پێشخستنی خۆیان هەیە و جوڵەی پەرلەمانیش بەم دواییە باشترین بەڵگەی ئەو راستییەیە کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێمە توانای تێپەڕاندنی دۆخی دروستکردنی کوتلە و کوتلەکاریی و کرانەوەی سیاسیمان هەیە".

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی سیستمی دابەشکاریی کرد لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا.

ئەمە لە کاتێکدایە لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق رۆژی پێنجشەممەی رابردوو پەرلەمانتارە مانگرتووەکان کە ژمارەیان لە سەرووی سەد پەرلەمانتارە دانیشتنێکیان گرێ دا و بڕیاریاندا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە کار لابدەن.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان رابەری رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر 40 موڵەتی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادیی دیار کرد بۆ ئەوەی چاکسازیی "راستەقینە" لە نێو حکوومەتی عێراقدا ئەنجام بدات و ئاراستەی پرۆسەی سیاسیی راست بکاتەوە. سەدر هەروەها داوای لە وەزیرانی حکوومەتی عێراق کرد دەست لە کار بکێشنەوە.

ئا: ئا ، ف