یەكگرتوو پەرلەمانتارێكی دوورخستەوە

"پابەند نەبوو بە سیاسەتی یەكگرتوو"

K24 - ھەولێر

مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، بەھۆی پابەند نەبوونی بە سیاسەتی حزكەیان لە بەغدا عادل نوری، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنەكەیان دوورخستەوە.

لە راگەیاندراوێكدا یەكگرتووی ئیسلامی لە بارەی دوورخستەوەی عادل نوری لە فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "لە چوارچێوەی ئەو پێشهاتە سیاسیانەی لە بەغدا روودەدەن و مانگرتنی ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران، كە خۆشبەختانە لایەنە كوردیەكان بە یەك هەڵوێست مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، دوای ئەوەى چەند جارێك بەڕێز عادل نوری ئاگاداركرایەوە لەسەر كشانەوەی لە ڕیزی پەرلەمانتارە مانگرتووەكاندا و بگەڕێتەوە بۆ نێو فراكسیۆنە كوردستانیەكان و هاوكات پابەندبێت بە سیاسەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان".

مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان راشیگەیاند: "بەداخەوە بەڕێزیان هیچ پابەندیەكی نەنواند، بۆیە بڕیارماندا بە دورخستنەوەی بەڕێزیان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، سەبارەت بە مانەوەیان لە ڕیزەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، دواتر لەوبارەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیاری لەبارەوە دەدات".

ئەمە لە كاتێكدایە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق چوونە بەرەی پەرلەمانتارە مانگرتووەكان، لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش رایانوایە ئەمە دەرچوونە لە ئەجندا و سیاسەتی كورد لە بەغدا، ھەندێ چاودێری سیاسی پێیانوایە ئەوەی لە بەغدا روودەدات كێشەی نێوان شیعەكانە لەسەر دەستەڵات نابێ كورد خۆت بخزێنتە ناو ئەم جۆرە كێشانەوە، رۆژی 16ی ئەمانگەش بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند كە تاڤگە ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكەیان لە بەغدا بەھۆكاری دەرچوون لە ئیجماعی كورد دوورخستوەتەوە.