ئاڵا تاڵەبانی: ئەمریكا فشاری لە كورد نەكردووە و سوپاسی كردوین

"ئەگەر كۆبوونەوەی داھاتوو گەڕانەوەی شەرعیەت بێت بۆ پەرلەمان بەشداری دەكەین"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر:

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمریكا ھیچ فشاری لە كورد نەكردووە، بەڵكو سوپاسی رۆڵی كورد دەكەن، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەگەر كۆبوونەوەی داھاتوو گەڕانەوەی شەرعیەت بێت بۆ پەرلەمان فراكسیۆنە كوردییەكان بەشداری دەكەن.

لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتێكی ھەواڵەكانی (كوردستان24) ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی كێشەكانی ناو پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتارە مانگرتووەكان رایگەیاند: "ئەو لایەنانەی كە خۆپێشاندان دەكەن و داوای گۆڕین دەكەن بە ھەموو شێوەیەك لە بنەما دەستووریی و یاساییەكان لایانداوەو ئەو پەرلەمانتارانە تەنانەت لە بڕگەكانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانیش لایانداوە، ئێمە لە وڵاتێكین سیستمی سیاسی پەرلەمانتارنیە، ناكرێت ئەو دامەزراوە شەرعییە پەك بخرێت ئەمە گەورەترین پەكخستنە بۆ ھەموو پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و مەرترسییەكی گەورەشە، بۆیە ئێستا سەرۆك كۆمار لە ھەوڵدایە شەرعیەت بۆ پەرلەمان بگەڕێتەوە".

لە بارەی بەشداریكردنی فراكسیۆنە كوردییەكان لە كۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمانی عێراق ئەگەر ئەنجامبدرێت ئاڵا تاڵەبانی گوتی: "ئەگەر كۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمان گەڕانەوەی شەرعیەت بێت و بەپێی بنەما دەستوورییەكان  و پەیڕەوی ناوخۆ بەڕێوەبچێت ئەوكاتە كورد بەشداری دەكات، بە پێچەوانەوە ھەر حاڵەتێكی نەخوازراوی وەك رۆژی پێنج شەممەی رابردوو ھەبێت ئەوە بەشداری ناكەین، دڵنیای دەدەین كە ئێمە وەك كورد ھەر یەك دەنگ و یەك ھەڵوێست دەبین".

سەبارەت بە فشاری ئەمریكا بۆ سەر كورد و لایەنەكانی دیكەی عێراق ئاڵا تاڵەبانی، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ كونسوڵی ئەمریكا لە بەغدا كۆبوونەوەم ھەبوو، ئەوان زۆر سوپاسی ھەڵوێستی كورد دەكەن و پێیانوایە كورد باشترین رۆڵی ھەبووە لەم بارودۆخەی كە لە عێراق ھەیە، ئەوان سەرسامن بە كورد و شانازی بە كوردەوە دەكەن و ھیچ فشارێكیان لە ئێمە نەكردووە، چونكە ئێمە تاكە لایەنین لە سەرەتاوە رای خۆمان بە ئاشكرا گوتووە كە لەگەڵ ھیچ لایەك نین، ھەروەھا كوتلە كوردییەكان لە ھەموو كوتلەكانی دیكە یەكگرتوو و یەك ھەڵوێستین و رای خۆشمان ناگۆڕین ئەمە رای سەركردایەتیمانە لە كورستان".  

ئاڵا تاڵەبانی راشیگەیاند: "راستە ئێمە پەرلەمانتارین و بە دەنگی خەڵك ھاتووینە، بەڵام لە ھەمانكاتدا حزب ئێمەی دیاركردووە لەوێ بین، بێگومان سەركردایەتی سیاسی كورد بڕیاردا لە پەرلەمان بكشێینەوە بە دڵنیایەوە دەكشێینەوە".