دانیشتووانی خورماتوو چەند داوایەك ئاراستەی بارزانی دەكەن

"داواشمان كرد پێداویستیەكانی ئاسایش دابین بكرێن"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/ad28aa24-0f66-416f-85ab-02c30880f80b/kobunaway%20qaiemmaqami%20xurmatu%20dagal%20barzani.ism/manifest

K24 - خورماتوو:

قایمقامی خورماتوو رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی چین و توێژەكانی خورماتوو لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، چەند داوایەكیان ئاراستە كردووە، وەك پێكھێنانی لیوایەكی پێشمەرگە و دابینكردنی پێداویستییەكان ئەمنی بۆ دەزگای ئاسایشی شارۆچكەی خورماتوو.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ (كوردستان24) شەلال عەبدول، قایمقامی شارۆچكەی خورماتوو رایگەیاند: "لە سەردانماندا بۆ لای جەنابی سەرۆك، وەك چین و توێژەكانی خورماتوو چەند داوایەكمان ئاراستە كرد وەك، پێكھێنانی لیوایەكی تایبەتی پێشمەرگە لە خورماتوو، ھەروەھا بەھێزكردنی ھەردوو دەزگای ئاسایشی خورماتوو، ھەم لە رووی زیادكردنی ژمارەوە ھەمیش لە رووی دابینكردنی پێداویستییەكان بۆیان، ھەروەھا داوامان كرد ھەوڵبدرێت ئاوارەكانی نیشتەجێی خورماتوو بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان".

قایمقامی خورماتوو گوتیشی: "سەرۆكی ھەرێمی كوردستان گوێ بۆ داواكاری خەڵكی خورماتوو گرتوو، بەڵێنیدا ئەوەی لە توانایدابێت بۆ باشتركردنی بارودۆخی ئەمنی خورماتوو ھاوكارمان بێت، نیگەرانی و ھاوخەمی خۆشی دەربڕی لە بەرامبەر بارودۆخی خورماتوو".

دوێنێ شاندێكی چین و توێژەكانی شارۆچكەی خورماتوو بە سەرۆكایەتی قایمقام، سەردانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیان كرد، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ بارزانی، باسیان لە رەوشی ئەمنی خورماتوو كردووە و چەند دواكاریەكیشیان ئاراستە كردووە.