چێڵسی نازناوی چامپیۆنز لیگی به‌ده‌ستهێنا
لاوانی چێڵسی ئینگلیزی خوار19 ساڵان پارێزگاریان له ناسناوی خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وڕوپای لاوان كرد، دوای ئه‌وه‌ی له یاری كۆتایی رووبه‌ڕووی پاریس سانجێرمانی فڕه‌نسی بوونه‌وه و یارییه‌كه‌شیان به دوو گۆڵ به‌رامبه‌ر گۆڵێك برده‌وه.
له یارییه‌كه‌دا كه له شاری نیۆنی سویسرا به‌ڕێوه‌چوو، ڤیاكایۆ تۆمۆری له ده‌ستپێكی نیوه‌ی یه‌كه‌م گۆڵی یه‌كه‌م بۆ شین پۆشه‌كانی له‌نده‌ن تۆماركرد، دوای ئه‌م گۆڵه به دوو خوله‌ك لێدانێكی سزا بۆ پاریسیه‌كان هه‌ژماركرا به‌ڵام برادلی كۆلێنزی گۆلپارێز لێدانه‌كه‌ی جان كیڤن ئۆگۆستنی گه‌ڕانده‌وه و له نیوه‌ی یه‌كه‌م گۆڵه‌كه‌ی به‌خاوێنی هێشته‌وه.
له نیوه‌ی دووه‌مدا یاكۆ مایتی به تۆماركردنی گۆڵێك ئه‌نجامه‌كه‌ی بۆ سانجێرمان یه‌كسان كرده‌وه، به‌ڵام خۆشیه‌كانیان درێژه‌ی نه‌كێشا، دوای ئه‌وه‌ی كاسی پالمه‌ر گۆڵی دووه‌م و سه‌ركه‌وتنی بۆ لاوانی بلوز تۆماركرد.
به‌م ئه‌نجامه چێڵسی بۆ ساڵی دووه‌م له‌دوای یه‌ك پارێزگاری له ناسناوه‌كه كرد، كه له یاری كۆتایی ساڵی رابردوو ناسناوه‌كه‌یان له‌سه‌ر ئه‌ستۆی شاختار دۆنێتسكی ئۆكرانی به‌ده‌ستهێنا.