قوباد تاڵەبانی: ھەڕەشەی مان و نەمان رووبەڕووی كوردستان بووەتەوە

قوباد تاڵەبانی بەشداری لە پانێڵێك كرد لە واشنتن بە ناونیشانی لە داعشەوە تا دەگاتە دابەزینی نرخی نەوت

K24 – ھەولێر:

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، قەیرانی دارایی هەڕەشەی مان و نەمانە کە ڕووبەڕووی کوردستان بووەتەوە.

قوباد تالەبانی، لەمیانی پانێڵێك لە واشنتن رایگەیاند: ھەڕەشەی مان و نەمان لەسەر کوردستان ته‌نها شەڕی دژی داعش و رێژەی زۆری ئاوارە و پەنابەران و ھەروەھا ئەو ناکۆکییە سیاسییەنییە کە لە وڵاتدا هەیە ، بەڵكو قەیرانی داراییە كە دوچاری ھەرێم بووەتەوە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكرد ،  ئێمە مووچەی چوار مانگی کارمەندانی حکومەت و سێ مانگی مووچەی پێشمەرگەمان نەداوە، کە دلێرانە بەرگری لە بەرەکانی شەڕ دەکەن ئەمەش ھەڕەشەیە بۆ سەر ھەرێمی كوردستان.

قوباد تاڵەبانی بەشداری لە پانێڵێك كرد لە واشنتن بە ناونیشانی لە داعشەوە تا دەگاتە دابەزینی نرخی نەوت، كە ژمارەیەك پسپۆڕ و میدیاكاری ئەمریكی بەشداریانكرد.

قوباد تاڵه‌بانی، لە 14 ی ئەم مانگە رایگه‌یاندووە، مانگانه‌ پێویستمان به 100‌ ملیۆن دۆلاره‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌مانگی یه‌كی ئه‌م ساڵه‌وه‌ سیسته‌می پاشه‌كه‌وتی بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران راگه‌یاندووه‌، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەت نەیتوانیووە مانگانە مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە دابین بكات.