ئەحمەد داودئۆغڵۆ ھۆشداری دەداتە یەكێتی ئەوروپا

“تورکیا ئەرکی خۆی لەو رێککەوتنە جێبەجێکردووە و ئێستا نۆرەی یەکێتی ئەوروپایە ئەو کارە بکات و ئەگەریش نەیکەن، ئەوا تورکیا چیدیکە خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ ناکات”

K24 – ھەولێر:

سەرۆک وەزیرانی تورکیا ھۆشداری دەداتە یەکێتی ئەوروپا، کە ئەگەر رێز لە رێککەوتنەکەی نێوانیان نەگرن و بەڵێنەکانیان نەبەنەسەر، ئەوا ئەنقەرە چیدیکە رەچاوی ئەو رێککەوتنە ناکات.

ئەحمەد داوئۆدغلو، سەرۆک وەزیرانی تورکیا لە گوتارێکیدا، رایگەیاند کاتێک تورکیا ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا واژۆ کرد بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی پەنابەران و وەرگرتنەوەی پەنابەرانی نایاسایی، ئەوروپا بەڵێنی پێداون کە ھەتا مانگی حوزەیران ڤیزای شنگن بەرووی ھاووڵاتیانی تورکیادا بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو یەکێتییە بەڵێنەکەی نەبردووەتە سەر.

ھەروھا یەکێتی ئەوروپا بەڵێنی بە ئەحمەد داودئۆغلو داوە کە پڕۆسەی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا خێراتر بکەن، بەڵام  دواد ئۆغلۆ، وڵاتانی ئەوروپا بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە بەڵێنەکانی خۆیان پاشگەز بوونەتەوە.

ھەروەھا ئەحمەد داودئۆغلو دەڵێت، تورکیا ئەرکی خۆی لەو رێککەوتنە جێبەجێکردووە و ئێستاش نۆرەی یەکێتی ئەوروپایە ئەو کارە بکات و ئەگەریش نەیکەن، ئەوا تورکیا چیدیکە خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ ناکات.

مانگی رابردوو یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ توركیا رێككەوتن بەگوێرەی رێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا، سەرجەم ئەو پەنابەرە نایاساییەکانی کە لە تورکیا و یۆنانەوە رۆیشتوونەتە ئەوروپا، رەوانەی تورکیا دەکرێنەوە، لە بەرامبەردا یەكێتی ئەوروپا بڕی زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری دا بە توركیا و بەڵێنی كرانەوەی ڤیزەی شنگنیدا بە رووی ھاووڵاتیانی توركیا.