سەرۆک کۆماری عێراق داوا لە پەرلەمانتاران دەکات ئەمڕۆ کۆببنەوە

K24-هەولێر

سەرۆک کۆماری عێراق، فوئاد مەعسووم ئەمڕۆ سێشەممە داوای لە هەموو پەرلەمانتارانی عێراق کرد ئەمڕۆ دانیشتنێکی پەرلەمان گرێبدەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەرئەنجامەکانی قەیرانی پەرلەمان.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، خالید شوانی لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "سەرۆک کۆمار، فوئاد مەعسووم داوای لە هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) کرد ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر دووی پاش نیوەڕۆ کۆببنەوە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەرئەنجامەکانی دۆخی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران".

ئەمە لە کاتێکدایە لە رێکەوتی 14/4/2016 نزیکەی 170 پەرلەمانتاری عێراق، کە ناوی پەرلەمانتارانی مانگرتوویان لە خۆیان ناوە، دانیشتنێکیان لە نێو هۆڵی پەرلەمان گرێ دا و بڕیاریاندا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە پۆستەکانیان لابدەن و ئەمە بووە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی سیاسیی لە عێراق و مەترسی لێدەکرێ ببێتە هۆی دابەشبوونی پەرلەمان بەسەر دوو پەرلەمانی بچووکتر.

پەرلەمانتارە مانگرتووەکان داوای گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات دەکەن.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامبوونی خۆپێشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەغدا کە داوای ئەنجامدانی چاکسازیی دەکەن لە دامودەزگاکانی عێراقدا.

ئا: ئا ، ف