خۆپێشاندەرانی بەغدا سوورن لەسەر جێبەجێكردنی داواكانیان

"بەردەوام دەبین تا داواكانمان جێبەجێ دەكرێن"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/7b22dc9d-6d3c-4356-a624-172b67a3c32b/xopeshandani%20bexdad.ism/manifest

K24 - بەغدا:

خۆپێشاندارانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا رایانگەیاند، بەردەوام دەبن لە خۆپێشاندان و سوورن لەسەر جێبەجێكردنی داواكانیان.

بە چەندین دروشمەوە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری لە کابینەی حکوومەتی بەغدا، ئەمڕۆش هەزاران هاووڵاتی لە گۆڕەپانی تەحریر بەردەوامن لە خۆپێشاندان و داوای چاکسازی و دەست لەکار کێشانەوەی ھەرسێ سەرۆكایەتی و سەرجەم وەزیرەکانی حکوومەتی عێراق دەکەن.

یەكێك لە خۆپێشاندەران بە (كوردستان24)ی گوت: "داواكاری ئێمە ھەمان داواكاری رۆژانی رابردووە، داوا دەكەین ھەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەست لە كار بكێشنەوە، حكوومەتێكی نوێ پێك بھێنرێت، پێشتر مۆڵەت درابوو بە عەبادی، لە ماوەی 40 رۆژدا حكوومەتی نوێ پێك بھێنێ، بەڵام ئەوانە ھەمووی پشتگوێ خران، بۆیە خەڵك ئێستا ھەمان داواكاریان ھەیە، داوا دەكەین عەبادی پەلە بكات لە جێبەجێكردنی داواكانمان".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "داوا لە وەزیرەكان دەكەین دەست لە كار بكێشنەوە، چوار وەزیر ھەن تا ئێستا ئامادەنین دەست لە كار بكێشنەوە، ئێمە بە ھیچ شێوەیەك گۆڕەپانی تەحریر جێناھێڵین و سوورین لە سەرداواكارییەكانمان".

ئەمە لە كاتێكدا چەند رۆژێكە پەرمانتارە مانگرتووەكان كارەكانی پەرلەمانی عێراقیان پەكخستووە و بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ جارێكی دیكە كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت.

خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر زیاتریان لایەنگری رەوتی سەدرن، پێشتر موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە دواین پەیامیدا داوای لە هاووڵاتیانی خۆپێشاندەر کرد، نەترسن و بەردەوام بن لە خۆپێشاندان و مانگرتن.