سعودییە ڤیزا بە زیارەتكارانی ئێرانی نادات

سعودییە بەئێرانی گوتووە كە لەوڵاتی سێیەم ڤیزا بە ئێرانییەكان دەدات،

K24 – ھەولێر:

وەزیری كولتوور و ئیرشادی ئیسلامی ئێران دەڵیت سعودییە ڤیزا بە زیارەتكارانی ئێرانی نادات بۆ عەمرەی و رێكەوتنەكانی نێوانیان پێشێڵ دەكات.

ھەواڵدەری ئیرنا لەسەر زاری عەلی جەننەتی وەزیری كڵتورو ئیرشادی ئیسلامی ئێران بڵاویكردووەتەوە كە سعودییە ھەڵسوكەوتی نەرێنی بەرامبەر گواستنەوەی زیارەتكارانی ئێران بۆ شارە پیرۆزەكان ھەیە.

عەلی جەننەتی دەڵێت: دەبوو بەرپرسانی ئێرانی بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ شوێنی مانەوەی زیارەتكاران سەردانی ئەو وڵاتە بكەن، بەڵام سعودییە تا ئێستا ڤیزای پێنەداون.

ھەروەھا عەلی جەننەتی دەشڵێت: سعودییە بەئێرانی گوتووە كە لەوڵاتی سێیەم ڤیزا بە ئێرانییەكان دەدات،و بەرپرسانی ئێرانیش داوا دەكەن، لانیكەم لە كونسوڵگەری سویسرا لەتاران ڤیزا بە زیارەتكاران بدات.

دوای لە سێدارەدانی كاسایەتی دیاری مەزھەبی شیعەكانی سعودییە لە لایەن دەسەڵاتدارانی سعودییە پەیوەندییەكانی نێوان سعودییە وئێران تێكچوون، چونكە باڵیۆزخانەی وكونسوڵخانەكانی سعودییە لەو وڵاتە سوتێنران.