پەرله‌مانتارە مانگرتووەكان: خاڵەكانی سەرۆك كۆمار لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ناگونجێن

"ھەڵنەكوتە سەر دامودەزگاكانی حكوومەت"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/7b22dc9d-6d3c-4356-a624-172b67a3c32b/xopeshandani%20bexdad.ism/manifest

K24 - بەغدا:

پەرلەمانتارە مانگرتووەكانی عێراق رایانگەیاند، فوئاد مەعسووم سەرۆك كۆماری عێراق كۆمەڵێك خاڵی بۆ ناردوون و ھەوڵەكانی بەرز دەنرخێنن، بەڵام خاڵەكانی لەگەڵ پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا ناگونجێن.

لە بەیاننامەیەكدا پەرلەمانتارانی مانگرتووی پەرلەمانی عێراق رایانگەیاند: "ئێمە وەك پەرلەمانتارانی مانگرتوو لەسەرجەم فراكسیۆنەكان، ھەوڵەكانی سەرۆك كۆماری عێراق بەرز دەنرخێنین لە پێناو چارەسەری قەیرانی سیاسی ئێستای عێراق، شاندێكی سەرۆكایەتی كۆمار سەردانی كردووین و كۆمەڵێك خاڵی بۆ ھێناوین، بەڵام سەرجەم ئەو خاڵانەی بۆمان نێردراون لەگەڵ پەیڕەوی نوێی پەرلەماندا ناگونجێن".

ئەو بەیاننامەیە كە لە لایەن ھەیسەم جبووری، گوتەبێژی  پەرلەمانتارانی مانگرتوو خوێندرایەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "ناتوانرێت جارێكی دیكە دەنگ لەسەر لە كارلابردنی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بدرێت، بۆیە رەتكردنەوەی ئەو خاڵانەمان بە شاندەكەی سەرۆك كۆمار راگەیاند، داوامان لە سەرۆك كۆمار ئەوەیە خاڵ و تێبینییەكانی ئێمەش لەبەر چاو بگرێت".

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەی پەرلەمانتارە مانگرتووەكانی عێراقدا ھاتوو: "داوا لە خۆپێشاندەران دەكەین دان بەخۆیاندا بگرن و ھەڵنەكوتە سەر دامودەزگاكانی حكوومەت، داواكاری ئێمەش ھەمان داواكاری ئەوانن، لەم دۆخەی ئێستا عێراق پێیدا تێپەڕ دەبێت دەبێ یەك ھەڵوێست بین بۆ ئەوەی عێراق بگەیەنین بە كەناری ئارامی".