پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی هەڵپەسارد

K24 - بەغدا:

بڕیار بوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، بەڵام كەمێك پێش ئێستا سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆبوونەوەكەی بۆ رۆژی پێنجشەممە ھەڵپەسارد.

پەیامنێری (كوردستان24) لە بەغدا رایگەیاند: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام نادرێت و سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆبوونەوەكەی بۆ رۆژی پێنجشەممە ھەڵپەسارد".

پەیامنێرمان لە بەغدا گوتیشی: "لەسەر پێشنیازی سەرۆك كۆمار لەگەڵ پەرلەمانتارە مانگرتووەكان رێككەوتبوون كە سەعدون دلێمی، كۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوەببات، بەڵام كە پەرلەمانتاران چوونە ژوورەوە، مانگرتووەكان پەشیمان بوونەوە و گوتیان ئێمە لەسەر ئەوە رێك نەكەوتووین، بۆیە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردییەكان ھەر زوو لە ھۆڵی كۆبوونەوەكان چوونە دەرەوە و دوای ئەوانیش، فراكسیۆنەكانی سوننە و توركمان و مەسیحییەكان ھۆڵی پەرلەمانیان جێھێشت".