گەشتی ئاسمانی ھەولێر - ورمێ دەست پێدەكات
K24 - ھەولێر:
بەرێوەبەری گشتی فرۆكەخانەكانی پارێزگای ورمێ لە رۆژھەڵاتی كوردستان رایگەیاند، كار دەكەن بۆ دەست پێكردنی گەشتی ئاسمانی نێوان ھەولێر و ورمێ و لە ئایندەیەكی نزیك گەشتەكان دەخەنە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ھەواڵی مێھر كەماڵ پەرھیزكار، بەرێوەبەری گشتی فرۆكەخانەكانی پارێزگای ورمێ راگەیاندووە: "كاردەكەین بۆ دەست پێكردنی گەشتی ئاسمانی راستەخۆی ورمێ-ھەولێر و لە ھەمانكاتدا ورمێ-ئامەد، ھەوڵدەدەین لە ئایندەیەكی نزیكدا بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە"
پەرھیزكار، رونیكردوەتەوە: "ھەفتەی دوو رۆژ فرۆكەخانەی ورمێ گەشتی بۆ ئیستەنبوڵ ھەیە ھەر بۆیە پرۆژەی ورمێ-ھەولێر و ورمێ-ئامەد بە ھەمان شێوە دەخەینە بواری جێبەجێكردنەوە".
ئەمە لە كاتێكدایە ھەفتەی رابردوو ھێڵی ئاسمانی ھەولێر-ئامەد، كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە كە لەماوەی ھەفتەیەكدا سێ گەشت لە ھەولێر بۆ ئامەد و سێ گەشت بە پێچەوانە ئەنجامدەدرێت، بە كەوتنەكاری گەشتی ئاسمانی ورمێ بۆ ھەولێر و ئامەد، كارئاسانی دەبێت بۆ ھاتووچۆكردنی ھاووڵاتیان لە نێوان باكوور و باشوور و رۆھەڵاتی كوردستان.