یەكێتی ئەوروپا داوی توركیا رەتدەكاتەوە بۆ لابردنی ڤیزەی شنگن

دوای ئەوەی ئەنقەرە ھۆشداری دایە یەکێتی ئەوروپا کە ئەگەر سنوورەکانی ئەوروپا بەرووی تورکەکاندا نەکاتەوە، ئەوا رێکەوتنەکەی نێوانیان ھەڵدەوەشێننەوە.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/68644244-8c5d-434e-9214-35b927e7cf0a/Turkey%20EU%20Visa.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

یەکێتی ئەوروپا، داواکەی تورکیا رەتدەکاتەوە بۆ ئاسانکردنی مەرجەکانی لابردنی ڤیزای شنگن بۆ ھاووڵاتیانی تورک و دوای ئەوەی ئەنقەرە ھۆشداری دایە یەکێتی ئەوروپا کە ئەگەر سنوورەکانی ئەوروپا بەرووی تورکەکاندا نەکاتەوە، ئەوا رێکەوتنەکەی نێوانیان ھەڵدەوەشێننەوە.

ژان کلۆد یەنکەر، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند: "پێویستە تورکیا سەرجەم مەرجەکانی لابردنی ڤیزا جێبەجێ بکات، تا کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەستبکات بە پڕۆسەی لابردنی ڤیزا، تا ئێستاش تورکیا ھەموو مەرجەکانی جێبەجێ نەکردووە و ئەوروپا ئامادە نییە ئەو مەرجانە کەمبکاتەوە بۆ تورکیا".

ھەروەھا ژان كلۆد یەنكەر دەشڵێت: "ئێمە رازی بووین کە چاپتەرێکی نوێ لەگەڵ تورکیا بکەینەوە بۆ ئەندامبوونیان لە یەکێتی ئەوروپا و بەردەوام دەبین لە ھاوکاریکردنی تورکیا بۆ باشترکردنی رەوشی پەنابەران".

ئەحمەد داودئۆغلو, سەرۆک وەزیرانی تورکیا گوتی:  "ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپا کۆبووینەوە و ھێشتا ئەو بڕوایەمان ھەیە کە مانگی حوزەیرانی داھاتوو ڤیزا لادەبرێت، ئەگەر ئەوە روونەدات، ئەوا نابێت ئەوروپا چاوەڕێ بکات، تورکیا رێککەوتنەکە جێبەجێ بکات".

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ماوەی 15 مانگی رابردوو، زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو پەنابەر لە رێگای تورکیا روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، بەڵام دوای واژۆکردنی رێککەوتنامەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا، شەپۆڵی رۆیشتنی پەنابەران بۆ ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئێستا تورکیا ھەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر تورکیا نەبێت، ئەوا سەرجەم ئەوروپا دەبێتە کامپی پەنابەران.