ئازادیی رۆژنامەگەریی لە ساڵی 2015 پاشەکشێی کردووە

لە 180 وڵات پاشەکشێی کردووە و عێراق یەکێکە لە خراپترینی وڵاتان بۆ رۆژنامەنووسان

K24-هەولێر

ئازادیی رۆژنامەگەریی لە ساڵی 2015 لە هەموو جیهان پاشەکشێی کردووە، بەتایبەت لە وڵاتانی عەرەبیی.

بەپێی نوێترین راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لەبارەی دۆخی ئازادیی رۆژنامەگەرییەوە، ئازادیی رۆژنامەگەریی لە ساڵی 2015 لە هەموو جیهان پاشەکشێی کردووە و هاوشێوەی ساڵی رابردوو سووریا کە بەدەستی شەڕی نێوخۆوە دەناڵێنێ لە پلەی 177ی ریزبەندی دۆخی ئازادیی رۆژنامەگەرییدا هاتووە و یەکێکە لە خراپترینی وڵاتانی جیهان بۆ رۆژنامەنووسان.

هاوکات بەپێی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور عێراق لە پلەی 158ی ریزبەندی دۆخی ئازادیی رۆژنامەگەرییدا هاتووە.

سکرتێری گشتیی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، کریستۆفەر دۆلوار لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند: "هەموو ئاماژەکانی هەڵسەنگاندنەکە شایەدی خراپبوونی دۆخەکەن، دەسەڵاتی گشتیی زۆر هەن کە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی وڵاتەکانیان دەدەن لە ترسی ئەوەی گفتوگۆی گشتیی لەو وڵاتانە گەشە بکات".

گوتیشی: "هەموو دەسەڵاتەکان ئەمڕۆ لە سایەی تەکنەلۆجیای نوێ ئاسانکاریی زیاتریان بەردەستە بۆ ئەوەی راستەوخۆ رووبکەنە جەماوەر، بۆیە توندوتیژیی زیاتر سەرهەڵدەدات بەرامبەر هەموو ئەو کەسانەی کە نوێنەرایەتیی رۆژنامەگەریی سەربەخۆ دەکەن".

رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور دەشڵێ وڵاتانی ئەمریکای لاتین زیاتر لە هەموو وڵاتانی جیهان ئازادیی رۆژنامەگەریی تێیاندا پاشەکشێی کردووە هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی رووداوی تیرۆرکردن و بەئامانجکردنی رۆژنامەنووسان لە ئەمریکای ناوەڕاست.

راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور کە رێکخراوەکە لە ساڵی 2002 بڵاوی دەکاتەوە، پشت بە چەند ئاماژەیەک دەبەستێ وەک فرەیی دەزگاکانی راگەیاندن و سەربەخۆیی ئەو دەزگایانە و ژینگە و چاودێریی خۆیی و چوارچێوەی یاسایی و بێگەردیی و ژێرخان و پێشێلکارییەکان.

ریزبەندی دیارترینی وڵاتانی جیهان لە رووی دۆخی ئازادیی رۆژنامەگەرییەوە لە خراپەوە بۆ خراپترین:

فینیلەندا لە پلەی یەکەمدایە و باشترینە بۆ رۆژنامەنووسان و شەش ساڵە لەم پلەدایە، بەپێی رێکخراوەکە

هۆڵەندا لە پلەی دووەمدایە

نەرویج لە پلەی سێیەمدایە

ئەڵمانیا لە پلەی 16 دایە

بەریتانیا لە پلەی 38 دایە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پلەی 41 دایە

فەرەنسا لە پلەی 45 دایە

ژاپۆن لە پلەی 72 دایە

میرنشینی ئیمارات لە پلەی 119 دایە

رووسیا لە پلەی 148

تورکیا لە پلەی 151 دایە

عێراق لە پلەی  158دایە

لیبیا لە پلەی 164 دایە

ئێران لە پلەی 169 دایە

یەمەن لە پلەی 170 دایە

چین لە پلەی 176 دایە

سووریا لە پلەی 177 دایە

تورکمانستان لە پلەی 178 دایە

کۆریای باکوور لە پلەی 179 دایە

ئەریتیریا لە پلەی 180 دایە

سەرچاوە: AFP، ئا: ئا ، ف