بەكارھێنانی كەپەن كەمبووەتەوە

"ئەگەر كەپەن نەبێت شوانەتیمان پێ ناكرێت"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/ba26cf61-6b60-4236-a460-784cffe2a237/KulavBerBiWindabuneReRuBiRuYe.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

لە شارۆچكەی گرێ سۆری سەر بە رحای باكووری كوردستان، ھونەرو پیشەی دروستكردنی كەپەن لەبەر ئامێری تەكنەلۆجیای نوێ مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، بۆیە كارسازانی ئەو پیشەیە كەمبوونەتەوەو ئەوانیش بە ھەموو شێوەیەك لە ھەوڵدان بۆ ئەوەی ئەو پیشەیە بپارێزن.

ئەردال ئارپاجک، وەستای دروستكردنی كڵاوی كەپەن دەڵێ: "ئەو ھاووڵاتیانەی لە كوێستانەكان سەرقاڵی بەخێوكردنی مەڕ و ماڵاتن، لە كاتی بڕینەوەیەی مەڕەكان خوورییەكە بۆ ئێمە دەنێرن، ئێمەش بە چەند قۆناغ دەیكەین بە كڵاو لە ناویدا دووقات نایلۆن ھەیە و ئاونادات".

وەستایەكی دروستكردنی كەپەن بە ناوی سەردار ئارپاچک، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات: "ئەو خوورییەی بۆمان دێت خاوێن كردنەوە و ئامادەكردنی  زۆر زەحمەتە، شوان بۆ خەوتن كەپەن دەخوازن و خەڵكی دیكەش بۆ وەك رایەخ بۆ راخستنی ناوماڵ دەیانەوێت، جگە لەوەی لە توركیا دەیفرۆشین بۆ دەرەوەی وڵاتیش دەینێرین".

ئەحمەد دەمیر، یەكێكە لە شوانەكانی شارۆچكەی گرێ سۆری سەر بە باكووری كوردستان ئەوەی خستەڕوو: "كاتێك بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و بزنەكان دەچینە شاخەكان ئەو كڵاوانە دەكەینە سەرمان، ئەگەر ئەوە نەبێت لە كاتی سەرما كەس ناتوانێت شوانەتی بكات".