بەریتانیا نایەوێت ھێزی سەربازی رەوانەی لیبیا بكات

لە ناوەندەكانی راگەیاندن باس لە بوونی ھێزی سەربازی تایبەتی بەریتانی لە لیبیا كرابوو.

K24 – ھەولێر:

دوای سەردانی بۆ لیبیا، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا فیلیپ ھامۆنفد رایگەیاند، كە بەریتانیا پلانی ناردنی ھێزی زەمینی بۆ لیبیا دانەڕشتووە و ناخوازێت لە رووی سەربازییەوە تێوەبگلێت.

ئەو لێدوانەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە كاتێكدایە، كە لە ناوەندەكانی راگەیاندن باس لە بوونی ھێزی سەربازی تایبەتی بەریتانی لە لیبیا كرابوو.

ھاوكات، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە میانەی گەشتەكەی بۆ لیبیا ئاماژەی بە ھاریكاری ھونەری و دارایی بۆ حكوومەتی لیبیا كرد، كە بڕەكەی 14 ملیۆن دۆلارە.

لەماوەی رابردوودا یەكێتی ئەوروپا رایگەیاند ئامادەیە ھێز رەوانەی لیبیا بكات بۆ پشتگیری لە حكوومەتی ئەو وڵاتە.

ئەمە دوای ئەوەوە ھات كە لە مانگی 6ی 2015 داعش توانی چەند ناوچەیەك لە باكووری لیبیا كۆنتڕۆڵبكات لەوانەش شاری سرت كە بنكەیەكی لەشكری ئەو وڵاتەی لێییە.

دوای ئەوەی رێكخراوی داعش چەندین ناوچەی لە عێراق و چەند ناوچەیەكی لە سووریا لە دەستدا، داعش ھەوڵدەدات پێگەی خۆی لە لیبیا بەھێزبكات و دەست بەسەر سەرچاوە دارییەكانی ئەو وِڵاتە دابگرێت.