كهسوكاری شههیدان چاوهڕوانی بڕیارێكی وهزارهتی شارهوانین
K24 - ههولێر:
ژمارەیەكی زۆر لە خانەوادەی شەھیدانی شەڕی داعش لە خانووی كرێدا ژیان بەسەر دەبەن، كوردستان 24 خانەوادەی یەكێك لە شەھیدەكان بەسەر دەكاتەوە كە لە دۆخێكی خراپدا رۆژەكانی ژیانیان بەڕێ دەكەن.
ئێستا ئهوان چاوەڕێی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی وەزارەتی شارەوانین لەسەر پێدانی زەوی بە كرێنشینان، ئەوان دەڵێن: "ئێمە ئەگەر زەویشمان پێبدرێت لە تواناماندا نییە خانووی لەسەر درووست بكەین، بۆیە گەورەترین ئاواتی ئێمە، بوون بە خاوەنی خانووی خۆمانە".
دەرگای ماڵەكەی ھەمیشە بۆ كراوەتەوە بەڵام، دەرباز ھەر نەگەڕایەوە..
بەیەكەوە ماڵی شەھیدێك بەسەر دەكەینەوە، كە دوای خۆی ھاوسەرەكەیی و دوو منداڵی بچووكی بەتەنیا بەجێھێشت، كاتێك دەرباز ساڵ و نیوێك لەمەوبەر لە شەری ئازادكردنەوەی چیای زەرتك بەدەست چەكدارانی داعش شەھید دەبێت ،كوڕە گەورەكەی تەمەنی پێنج ساڵان و بچووكەكەشی تەنیا 3 ساڵان بووە، ھاوسەری دەرباز، تاكە شتێك زۆر ئازاری دەدا پرسیاری منداڵەكانیەتی دەربارەی باوكیان، ئەو پێیگووتوون، باوكتان لە بەھەشتە..
ئێستا ئەم خێزانە، لە خانوویەكی قوڕی بە كرێ، رۆژانی دوای دەرباز بەسەر دەبەن، مانگانە 200 ھەزار دینار دەدەن بە كرێی خانوو، ئەوان حەز دەكەن زوو وەرزی ھاوین بێت، چونكە لە زستاندا بنمیچی خانووەكەیان بەرگەی دڵۆپە باران ناگرێت و گرفتیان بۆ درووست دەكات.
جگە لە مووچەی پێشمەرگایەتی دەربازیش، ھیچ سەرچاوەیەكی دارایی دیكەیان نییە، تاكە ئاواتی ئەم دایكەش بوونی خانووێكە، بۆ ئهوهی سەری مانگ، ھیچ كەسێك داوای كرێكەی نەكات.
وەزارەتی شارەوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بڕیاریداوە زەوی بەسەر كەسوكاری شەھیدان كرێنشینان دابەش بكات، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارە نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، وەزیری شارەوانیش ئاماژە بەوە دەكات، ھەوڵدەدەن تا كۆتایی ئەمساڵ پرۆسەكە جێبەجێ بكرێت.
دەرباز، نموونەی 1450 شەھیدی دیكەی شەڕی داعشە، كە زۆرێك لە خانەوادەكانیان ھەمان نەھامەتی خێزانی دەربازیان ھەیە، ئەوان دەڵێن دوای شەھیدبوونی كەسوكارمان، خۆری ئومێدی ئێمەش ئاوابوو و جارێكی دیكە ھەڵنەھاتەوە، مەگەر ئاوڕدانەوەیەكی حكوومەت سوكنایی بە دڵەكانمان بدات.