سكرتێری گشتی ناتۆ: ژمارەیەكی زۆری قاچاغچی ھەن دەیانەوێت پەناخوازان بگەیننە ئەوروپا

لە ماوەی رابردوودا رێژەی رۆیشتنی پەنابەران بۆ ئەوروپا لەرێگای دەریای ئیجەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام ئۆپراسیۆنەکانی ناتۆ لەنێو ئەو دەریایە بەردەوام دەبن
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/c7f3b2d3-81e5-40ed-b3c2-47c953d79a2f/NATO%20QachaXchi.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

جەنەڕاڵ یەنز ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی"ناتۆ" لە تورکیاوە رایگەیاند کە لە ماوەی رابردوودا رێژەی رۆیشتنی پەنابەران بۆ ئەوروپا لەرێگای دەریای ئیجەوە، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، بەڵام ئۆپراسیۆنەکانی ناتۆ لەنێو ئەو دەریایە بەردەوام دەبن، لەبەرئەوەی ھێشتا ژمارەیەکی زۆر قاچاغچی ھەن دەیانەوێت بە بەلەم پەنابەران بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا.

جەنەڕاڵ یەنز ستۆڵتنبێرگ گوتیشی: "ئێمە لەماوەی رابردوودا بینیوومانە کە ژمارەی رۆیشتنی پەنابەران لەدەریای ئیجەوە بۆ ئەوروپا کەمیکردووە و ئەمە خاڵێکی گرنگە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئۆپراسیۆنەکانی ئێمە لەو دەریایە بەردەوام دەبێت بە ھەماھەنگی لەگەڵ تورکیا و یۆنان، لەبەرئەوەی تا ئێستا قاچاغچییەکی زۆر خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی بە بەلەم پەنابەر بگەیەننە ئەوروپا".

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ماوەی 15 مانگی رابردوو، زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو پەنابەر لە رێگای تورکیا روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، بەڵام دوای واژۆکردنی رێککەوتنامەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا، شەپۆڵی رۆیشتنی پەنابەران بۆ ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ھێزەكانی ناتۆ لە دەریاوە چاودێری سنورەكان دەكەن.