سەلیم جبوریی: پەرلەمان ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن لە کابینە نوێیەکەی حکوومەت

هۆشداریی دەدات لە پرۆژەی دەرەکیی

K24-هەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەلیم جبوریی رایگەیاند پەرلەمان ئامادەیە ئەم هەفتەیە پێشوازیی لە کابینە نوێیەکەی حکوومەتی عێراق بکات کە دوور دەبێ لە مەبەستی تایبەت.

سەلیم جبوریی لە وتارێکدا کە ئەمڕۆ شەممە لە بەغدا پێشکەشی کرد راشیگەیاند: پەرلەمان ئامادەیە ئەم هەفتەیە پێشوازیی لە کابینە نوێیەکەی حکوومەت بکات کە "دوور دەبێ لە بەرژەوەندیی تایبەت". گوتیشی: ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێ قەیرانی دەسەڵات و دەوڵەتە نەک کەسێک یان پۆستێک.

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق جەختیشی کرد: قەیرانەکان بەمنزیکانە کۆتاییان دێت و دەبنە هۆکاری هێز بۆمان و هۆکاری قەیرانی پەرلەمان "ئیجتیهادی سیاسییە".

ئەمە لە کاتێکدایە سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرەتای ئەم مانگە ناوی کاندیدان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکانی نێو کابینە نوێیەکەی حکوومەتی عێراقی پێشکەشی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە و چاوەڕوانە پەرلەمان کاندیدەکان پەسەند بکات.

لە رێکەوتی 14/4/2016 نزیکەی 170 پەرلەمانتاری عێراق، کە ناوی پەرلەمانتارانی مانگرتوویان لە خۆیان ناوە، دانیشتنێکیان لە نێو هۆڵی پەرلەمان گرێ دا و بڕیاریاندا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لە پۆستەکانیان لابدەن و ئەمە بووە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی سیاسیی لە عێراق و مەترسی لێدەکرێ ببێتە هۆی دابەشبوونی پەرلەمان بەسەر دوو پەرلەمانی بچووکتر.

پەرلەمانتارە مانگرتووەکان داوای گۆڕینی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتێکی تکنۆکرات دەکەن.

ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامبوونی خۆپێشاندانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە بەغدا کە داوای ئەنجامدانی چاکسازیی دەکەن لە دامودەزگاکانی عێراقدا.

ئا: ئا ، ف