ئۆباما بەڵێنەكەی لە بەرامبەر ئەرمەنییەكان شكاند

لە ساڵی 1915 لە سەردەمی توركە عوسمانییەكان نزیكە یەك ملیۆن ئەرمەنی لە توركیا كوژران و راگوێزران

K24 – ھەولێر:

لە لێدوانێكی تایبەتی دەربارەی100 مین ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكان، باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكا جارێكی دیكە خۆی لە بەكارھێنانی وشەی كۆمەڵكوژی "جێنۆساید" دزییەوە.

ئەمڕۆ لە ساڵیادی كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكانە لەسەر دەستی عوسمانییەكانی توركیا، ئۆباما رایگەیاند، ئەو كارەساتەی روویدا دەسپێكێكی تاڵی سەدەی بیستەم بوو، كە 1 ملیۆن و نیو ئەرمەنی گوازرانەوە و كوژران.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ئۆباما لە ساڵی 2006 رەخنەی لە ئیدارەی جۆرج بۆش، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا گرتبوو بەوەی دانی نەناوە بە كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكان.

ئۆباما لە ساڵی 2008، لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەكانی بەڵێنی بە كۆمەڵگەی ئەرمەنی ئەمریكا و ئەرمەنیستان دابوو، كە دان بنێت بە كۆمەڵكوژی "جێنوساید" ی ئەرمەنیستان لەسەر دەستی عوسمانییەكان.

ئەمەش نیگەرانی ئەرمەنییەكانی لێكەوتەوە و توڕیی خۆیان لەبەرامبەر شكاندنی بەڵێنی پێشووی دەربڕی دووپاتیان كردەوە، كە ئۆباما كەوتووەتە ژێر كاریگەری توركیا.

لە ساڵی 1915 لە سەردەمی توركە عوسمانییەكان نزیكە یەك ملیۆن و نیو ئەرمەنی لە توركیا كوژران و راگوێزران، تا ئێستا ئەمریكا و توركیا كۆمەڵكوژی ئەرمەنییەكان بە رووداو ناو دەبەن.