به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی خورماتوو: پێویستمان به‌ هاوكاری حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌

"نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی" خورماتوو كه‌سی تێدا نه‌ماوه‌
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/cbd6a887-b9ce-49dd-9bcb-fcb3806805ee/tandrusti%20xurmatu.ism/manifest

K24 – خورماتوو:

به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی خورماتوو رایگه‌یاند پێویستیان به‌ هاوكاری حكوومه‌تی هه‌رێمه‌، گوتیشی: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر دكتۆره‌كان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی هه‌بوو: "نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی خورماتوو كه‌سی تێدا نه‌ماوه‌".

به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی خورماتوو بۆ كوردستان24 ئه‌وه‌شی گوت: "پێویستیمان به‌ یارمه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌", ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد ته‌نها یه‌ك بنكه‌ی ته‌ندروستی "له‌ گه‌ڕه‌كی كۆماری له‌ خورماتوو" له‌ كاركردن نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵام "تواناكانی سنوورداره‌" و ته‌نها چاره‌سه‌ری سه‌ره‌تایی تێدا ده‌كرێت.

دوای ئەوەی شەوی رابردوو چەكدارانی حەشدی شەعبی ھێرشیان كردوەتە سەر بارەگای ھێزە كوردییەكان لە خورماتوو، بەیانی ئەمڕۆ شەڕ لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەستیپێكرد.

پەیامنێری (كوردستان24) لە خورماتوو رایگەیاند: "شەوی رابردوو چەكدارانی حەشدی شەعبی ھێرشیان كردووەتە سەر بارەگای ھێزە كوردییەكان لە خورماتوو، بەیانی ئەمڕۆ شەڕ و پێكدادان لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و چەكدارانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو دەستیپێكرد".

پەیامنێرمان لە خورماتوو گوتیشی: "حەشدی شەعبی ژمارەیەكی زۆر چەكداری لە ناوچەكە كۆكردوەتەوە، ھێزی پێشمەرگەش كەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشی، ئێستا شەڕ لە خورماتوو بەردەوامە و چەكی قوڕسیش لە شەڕەكە بەكار دەھێنرێت".

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "حەشدی شەعبی چەكدارانی لە دەوروبەری سایلۆی خورماتوو جێگیركردووە، پێشتر حەشدی شەعبی داوایان كردبوو كە دەبێ سایلۆ رادەستی چەكدارانیان بكرێت، بەڵام پێشمەرگە رەتیكردەوە بە ھیچ شێوەیەك سایلۆ و ھیچ شوێنێكی دیكە بۆ ئەوان چۆڵ بكات، سایلۆی خورماتوو یەكێكە لە شوێنە ستراتیژییەكان لە رووی سەربازییەوە".

یەكێك لە شایەتحاڵەكان لە خورماتوو باسی لە ھۆكاری دەستپێكردنی شەڕەكە كرد و بە (كوردستان24)ی گوت: "شەوی رابردوو چەند چەكدارێكی حەشدی شەعبی لە خورماتوو تەقەیان لە ماڵی كادیرێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كردووە، دواتر تەقەیان لە بارەگای ھێزە كوردییەكان كردووە، دواتریش لە لایەن ھێزی پێشمەرگە وەڵامیاندراوەتەوە".

بە گوێرەی زانیاری پەیامنێری (كوردستان24) لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادان لە خومارتوو پێشمەرگەیەك شەھیدبووە و چەندین چەكداری حەشدی شەعبی كوژراون و ژمارەیەك دیكەش برینداربوونە.

له‌ نوێترین زانیاریش كه‌ له‌ خورماتوو هه‌یه‌ فه‌رمانده‌كانی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبیی له‌ خورماتوو له‌ كۆبوونه‌وه‌دان.