بەختیار شاوێس: ھەموو لایەك ھەستمان بە مەترسی حەشدی شەعبی دەكرد

"حەشدی شەعبی لە رابردوو زۆر بەربەرییەتیان نواندووە"
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/a1699961-b4c1-4ad4-b768-64f4ce6f50f1/BAXTIAR%20SHAWES.ism/manifest

K24 - ھەولێر:

پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق لەسەر فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردتسان رایگەیاند، چەكدارانی حەشدی شەعبی لە رابردوو زۆر بەربەرییەتیان نواندووە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، حەشدی شەعبی لە داعش مەترسیدارترە، ھەموو لایەك ھەستمان بەو زەنگە مەترسیدارە دەكرد.

لە میانی بەشداریكردنی لە گەشتێكی ھەواڵی (كوردستان24) بەختیار شاوێس، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: "ھۆكاری شەڕ لە خورماتوو زیاتر ململانێیە لەسەر ساغكردنەوەی ناوچەكە، ئایا ئەو ناوچەیە كوردستانییە یان ناوچەیەكی دەرەوەی كوردستانییە؟ ھەموومان دەزانین خورماتوو تا دەگاتە چیای حەمرین ھێڵی سوورە بۆ ھەموو سیاسی و رۆشنبیر و كرێكارێك كە كورد بێت، بەڵام دوای ھاتنی داعش دروستبوونی ئەو گروپانەی لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی، یەكێك بوو لەو زەنگە مەترسیدارانەی ھەموو لایەك ھەستمان پێدەكرد، لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ سەركردایەتی خۆماشماندا ئەو پەیامەمان گەیاندووە".

گوتیشی: "بە بڕوای من داعش گروپێكی كاتییە، ھەرچەند بەھێز بێت و توانیبێتی زۆر لە ناوچەی عێراق و كوردستانی داگیر بكات، بەڵام بە شتێكی كاتیمان زانیووە، چونكە داعش لە دەرەوەی عێراق دروستبووە و تێكەڵەیەكە لە نەتەوەی جیاجیا، بەڵام ئەوەی كێشەیە حەشدی شەعبی ھەڵقوڵاوی عەرەبی عێراقیی و پێكھاتەكانی عیێراقە، چەقی مەترسیەكانیشی لەو ناوچانەیە كە پێیان دەگوترێت ناوچەی كێشە لەسەر و مادەی 140 دەیانگرێێتەوە، بۆیە ئەمەی ئێستا روودەدات چاوەڕوانكراو بوو بۆ ئێمە، ئەگەر ئەو كێشە چارەسەر نەكرێت ئاگربەستیش بكرێت جارێكی دیكە شەڕ سەر ھەڵدەداتەوە".

بەختیار شاوێس، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەكانی كوردستان نە ویستی كورد بوو نە فشاری دەرەكی، بەڵكو واقعی بوونی داعش بوو لەو ناوچانە، ئەوكات داعش ھات ھەموومان تەركیزمان لەسەر داعش بوو، چونكە داعش ئەو ھێزەبەربەرییە بوو لە منداڵی بێشكەوە تا مرۆڤی بە تەمەن سەر دەبڕین، ئەو كاتە نەك حەشدی شەعبی ھەر ھێزێكی دیكەی ھاوكاری پێشمەرگەی بكردایە و ئەو ھێزەی دوورخستبایەوە دەستخۆشیمان لێ دەكرد".

ئەوەشی خستەڕوو: "دەبێ ئەو كێشەیە لە خورماتوو ببڕێتەوە، جا ئەوە بە مادەی 140 و مێژوو یان بە ریفراندۆم، ئەگەر بە كەڵەگاییە ئەوە قەبووڵ ناكرێت، بە تایبەتی فەرماندە سەربازییەكانی ئەو ناوچەیە پێیانوایە دەبێ ئەو مەسەلەیە ساغ بكرێتەوە، وەك كورد تا بكرێت دەمانەێت بە گفتوگۆ قەناعەتیان پێ بكەین، ئەوەی لەم شەڕەی دوایدا كرا من پێم وایە ھانگاوێكی باش بوو بۆ كورد، چونكە لە شەڕی پێشووتردا تا رادەیەك حەشدی شەعبی بەربەریەتیان نواند، بە شێوەیەكی زۆر ناھەقیانە دكتۆرێكی كوردیان لەبەرچاوی خەڵك شەھید كرد، لەسەر بڕیاری سەركردایەتی سیاسی كورد خەڵكی ناوچەكە و پێشمەرگە دانیان بە خۆداگرت، بەڵام بە وەڵامی ئەمجارەی پێشمەرگە و خەڵك ھیوادارم حەشدی شەعبی بێنێتەوە ھۆشخۆ".