لە ماردین دوو سەربازی توركیا كوژران

"ژمارەیەك سەربازی دیكەش بریندارن"

K24 - ھەولێر:

لە شەڕو ئاڵۆزییەكانی شارۆچكەی نسێبینی سەر بە شاری ماردینی باكووری كوردستان، ئەمرۆ لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێك دوو سەربازی توركیا كوژران.

بە گوێرەی زانیاری میدیاكانی توركیا: "شەڕ و ئاڵۆزیی لە نسێبینی سەر بە شاری ماردین لە باكووری كوردستان لە نێوان یەكینەكانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) و سوپا و ھێزە ئەمنییەكانی توركیا بەردەوامە، بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێك كە لە لایەن شەڕڤانانی یەپەسە دانرابوو دوو سەربازی توركیا گیانیان لە دەستدا".

ئەوەش روونكراوەتەوە: "لە كاتێكدا سەربازانی توركیا ویستوویانە ئەو بۆمبە پوچەڵ بكەنەوە تەقیوەتەوە، جگە لەو دوو سەربازەی كوژراون، ژمارەیەكی دیكەی لە سەربازانی توركیا برینداربوونە".

ئەمە لە كاتێكدایە بەھۆی شەڕ و ئاڵۆزیی لە نێوان پارتی كرێكاران كوردستان (پەكەكە) و سوپای توركیا لە ناوچە سنوورییەكان لە لایەك و شەڕی ھێزە ئەمنییەكان و شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەسە) لە ناوشارەكان لە لایەكی دیكە، ئۆپەراسیۆنی سەربازی سوپای توركیا لە زۆربەی شارەكانی باكووری كوردستان بەردەوامە و لە بەشێكی ناوچەكانیش ھاتووچۆ قەدەغەكراوە، لە 13 ئازاری ئەمساڵەوە قەدەغەی ھاتووچۆ لە شارۆچكەی نسێبینی سەر بە ماردین راگەیاندراوە و تا ئێستاش بەردەوامە.